دو مامۆستا ئایینی ده‌ستگیركراو ئازاد كران


دوای ئه‌وه‌ی له‌ شه‌وی پێنج شه‌مه‌ له‌سه‌ر هه‌ینی بۆمان ده‌ركه‌وت، كه‌ چوار له‌وانه‌ی ده‌ستگیر كراون مامۆستای ئایینین، دوانیان پێشنوێژ‌و وتارخوێن‌و یه‌كیان ئیمام‌و چواره‌میشیان ئیمام‌و خه‌تیبه‌ به‌ڵام دانه‌مه‌زراوه‌. هه‌ر هه‌مان كات ده‌ست به‌كاربووین‌و، هه‌وڵماندا په‌یوه‌ندیمان به‌ چه‌ندین لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ ئازاد بكرێن، ئه‌وانیش به‌ڵێنیان پێداین، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ دوو له‌و مامۆستایانه‌ ئازاد كران.

مه‌لا عبد الله مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان بۆ سایتی زانایان گووتی: به‌داخه‌وه‌ خۆزه‌ زوتر ئاگاداری ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌بووین، هه‌موو لایه‌كیش ده‌زانن بۆچی وامان به‌سه‌ر هات، به‌ڵام هه‌ر له‌ رۆژی هه‌ینییه‌وه‌ ده‌ستمان به‌كار كرد، ئێمه‌ هه‌میشه‌ كار بۆ سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌مان ده‌ركرد، له‌ هه‌نگاوی دووه‌م په‌یوه‌ندیمان به‌ چه‌ندین لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته‌وه‌ كرد، تا ئه‌وه‌ بوو هه‌ر یه‌ك له‌ مامۆستا مه‌لا سامی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگه‌وتی حاجی حمدامین نانه‌وا و مامۆستا مه‌لا فه‌رهاد پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگه‌وتی ئه‌نبیا به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كران، به‌ڵینیش ده‌ده‌ین له‌م كرانه‌مان به‌رده‌وام بین، به‌ڵام هیوادارین مامۆستایان له‌ه‌م حاڵه‌تانه‌ زوو په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بكه‌ن، دووباره‌شی ده‌كه‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ مامۆستایان له‌ هه‌موو كه‌س وشیارتر بن‌و نه‌كه‌نه‌ ژێر كاریگه‌ری سۆز‌و عاتیفه‌ی هیچ لایه‌ك‌و هه‌میشه‌ دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئایین‌و گه‌ل‌و وڵات‌و نیشتیمان بڕوانن.

سه‌رۆكی زانایان درێژه‌ ده‌دات‌و قسه‌كانی ده‌ڵێت: له‌م باره‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم سوپاسێكی گه‌رمی دكتۆر به‌شیر خه‌لیل سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف له‌ په‌رله‌مان بكه‌ین، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ جددی له‌گه‌ڵمان بووه‌‌و پشتیوانی له‌ مامۆستایان كردووه‌.