سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان: خولی رۆشنبیری ئه‌زهه‌ر یه‌كێك له‌ خوله‌ پر زانسته‌كانه‌


سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، كه‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م یاوه‌ری مامۆستایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه‌ به‌شدارییان له‌ خولی رۆشنبیری كردووه‌ له‌ میسر، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پرۆتۆكۆلی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌زهه‌ره‌‌و، به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان یه‌كێتی زانایانی‌و رابیته‌ی ده‌رچووانی ئه‌زهه‌ری شه‌ریفه‌، دوای گه‌رانه‌وه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید ده‌رباره‌ی خوله‌كه‌ ده‌ڵێت: مامۆستایان زۆر دڵخۆشن، خوله‌كه‌ش له‌ ئاستێكی زانستی به‌رز دایه‌، به‌تایبه‌تی هه‌ندێك شێوازی هاوچه‌رخ هه‌یه‌ پێویسته‌ مامۆستایانی ئێمه‌ لێیه‌وه‌ به‌هره‌مه‌ند ببن، وه‌ك چه‌ند باسێكی فیقهی هاوچه‌رخ‌و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان، هه‌روه‌ها مافی گه‌لان له‌ روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌، پێكه‌وه‌ژیان‌و په‌یوه‌ندی نێوان ئایینه‌كان، له‌گه‌ڵ چه‌ندان بابه‌تی دیكه‌ی هاوچه‌رخ، ئه‌وه‌ی مایه‌ی خۆشحاڵی بوو دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند وانه‌یه‌ك خوێندرانه‌وه‌، مامۆستایانمان زۆر دڵخۆش بوون، چونكه‌ ئه‌وانیش چاوه‌رێی شتێكی له‌م جۆره‌یان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی‌و خۆشبه‌ختانه‌ زۆرینه‌ی وانه‌بێژه‌كان له‌ ئاستێكی زانستی‌و مه‌عریفی زۆر مه‌زن دان، ئه‌وانه‌ هه‌مو بۆ ئێمه‌ گرنگن، به‌تایبه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه‌ جه‌نجاڵه‌ ئێمه‌ زۆر پێویستمان به‌و مه‌نهه‌جه‌ مامناوه‌ندی وه‌سه‌تییه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌زهه‌ری شه‌ریف پێڕه‌وی ده‌كات، دوور له‌ عونف‌و تووند‌و تیژی.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر 30 مامۆستای به‌شدار بوو پێكه‌وه‌ سه‌رانی شێخی ئه‌زهه‌ر‌و وه‌زیری ئه‌وقافی ئه‌م وڵاته‌یان كردووه‌‌و، شێخی ئه‌زهه‌ر هه‌موو پشتیوانی هه‌ماهه‌نگی بۆ زانایانی ئایینی كورستان ده‌ربڕیوه‌.