ئاسایشی هەولێر و پەرلەمانی کوردستان: كۆی گیراوان بە بڕیاری دادوەر بووە و کەسیش ئەشکەنجە نەدراوە

ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو كەسانەی لە خۆپێشاندانەكەی 8ـی ئەم مانگە دەستگیر كراون، بەپێی یاسا بووە. لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانیش ڕایدەگەیەنێت هیچ كەسێك ئەشكەنجە نەدراوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان، شێردڵ تەحسین، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە شاندێكی هاوبەشی هەردوو لیژنەی ناوخۆ و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئاسایشی هەولێریان كردووە.

شێردڵ تەحسین، گوتی كە مەبەست لەو سەردانە بۆ بەدواداچوون و لە نزیكەوە ئاگاداربوون بوو لە ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە خۆپێشاندانەكەی 8ـی ئەم مانگە و رەوشی ئەو دەستگیركراوانەی كە بە تۆمەتی بەلاڕێدابردنی رێڕەوی خۆپێشاندانەكەی ئەو ڕۆژە دەستگیركراون.

ئەو ڕوونی كردەوە كە لەگەڵ بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی ئاسایشی هەولێر كۆ بوونەتەوە و سەبارەت بە ڕووداوەكە و رەوتی لێكۆڵینەوەكان و ڕەوشی دەستگیركراوەكان گفتوگۆیان كردووە.

زیاتر گوتی: "نزیكە 120كەس لە ئاسایشی هەولێر دەستگیركراون، هیچ كەس لە زیندانەكان ئەشكەنجە نەدراون، 40كەسیش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئازاد كراون."

شێردڵ تەحسین، ئاماژەیشی دا دوای سەردانەكە ڕاپۆڕتی خۆیان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەبارەی ڕەوشەكە بەرز دەكەنەوە.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، تاریق نووری، بە پەیامنێری ڕاگەیاند: "سەرجەم ئەو كەسانە بەپێی یاسایی 21لە یاسایی سزادانی ساڵی 2003 دەستگیركراون، كۆی گیراوانیش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەر كەسێكیش بێتاوانیی بسەلمێنرێت، ئەوا ئازاد دەكرێت."

تاریق نووری، جەختیشی كردەوە: "هیچ كەسێك لە ئاسایش ئەشكەنجە نەدراوە، ئەو كەسانەی دەستگیر كراون بەپێی بڕیاری دادوەر بووە."