میسڕ: راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ردانی شاندی زانایانی ئایینی به‌شداربووانی خولی رۆشنبیری ده‌كات


ئه‌میر گه‌ردی/میسڕ:
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 16\5\2012 كاتژمێر 10:30ی سه‌رله‌به‌یانی، به‌ مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌، به‌ڕێز دكتۆر شێخ خالد ئه‌لموللا راوێژكاری ئایینی به‌ڕێز سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ‌و، شاندێكی یاوه‌ری، له‌ شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی خول، له‌ باڵه‌خانه‌ی رابیته‌ی جیهانی ده‌رچووانی ئه‌زهه‌ر، سه‌ردانی زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداربووانی خولی رۆشنبیری زانایانیان كردو، له‌لایه‌ن به‌ڕێزان زانایانی ئایینی ناوبراو به‌ گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.

ئه‌مه‌و له‌ دانیشتنێكدا كه‌ نزیكه‌ی نیو كاتژمێری خایاند، به‌رێز راوێژكاری سه‌رۆك كۆمار هاتن‌و ئاماده‌بوونی زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ زانكۆی ئه‌زهه‌ر‌و، به‌شداربوونیان له‌ خولی رۆشنبیریدا به‌رز نرخاندو، هیوای به‌رده‌وامی‌و سه‌ركه‌وتنیان خواست‌و، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ خولی هاوشێوه‌ سوودی بۆ په‌یامی پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی گه‌لانی عێراق ده‌بێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان سوپاس‌و پێزانینی خۆیان ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان‌و شاندی یاوه‌ری كردو، سه‌ردانه‌كه‌یان به‌ مایه‌ی خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا.

شایه‌نی باسه‌: له‌به‌شێكی سه‌ردانه‌كه‌دا، زانایانی ئایینی كوردستان به‌ تووندی ئیدانه‌ی هه‌وڵه‌كانی داگیركردنی موڵك‌و ئه‌وقافه‌كانی سه‌ر به‌ سوننه‌یان ‌له‌لایه‌ن شیعه‌وه‌‌ له‌ شاری كه‌ركوك كردو، به‌پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیداریان پێناسه‌كرد.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز شێخ خالد ئه‌لموللا به‌ڵێنی به‌دوا داچوونیان داو، هیوایان خواست كه‌ به‌ هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك بتوانرێ‌ ئه‌و كێشه‌ چاره‌ بكه‌ن.