ئه‌میر گه‌ردی/قاهیره:
رۆژی یه‌كشه‌ممه 27\5\2012 له شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی خولی پێشكه‌وتووی رۆشنبیری زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان، له باره‌گای رابیته‌ی جیهانی ده‌رچووانی ئه‌زهه‌ر، شێخ (محمد محمد زیائه‌ددین محمدأمین كوردی) زانای ئایینی‌و كه‌سایه‌تی دیار‌و ناسراوی كورد‌و شێخی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌میسڕ، سه‌ردانی زانایانی ئایینی هه‌رێم به‌شداربووانی خولی ناوبراوی كرد‌و، له‌لایه‌ن به‌ڕێزان: مامۆستا مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و، مامۆستایانی ئایینی ئاماده‌بووانی خولی رۆشنبیری به گه‌رمی پێشوازی لێكرا.
ئه‌مه‌و له دانیشتنێكدا، سه‌ره‌تا به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان وته‌یه‌كی پێشكهشكردو، تیایدا وێڕای به‌خێرهێنان‌و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی، سوپاسی به‌سه‌ركردنه‌وه‌و هاتنی به‌ڕێزیانی كرد.
له لایه‌ن خۆیشیه‌وه به‌ڕێز شێخ (محمد محمد زیائه‌ددین محمدأمین كوردی) خۆشحاڵی خۆی نیشاندا به‌هاتنی زانایانی كورد بۆ ئهزههرو، ئه‌وه‌ی دوپاتكرده‌وه: كه ئه‌زهه‌ر ماڵی راسته‌قینه‌و دێرینی زانایانی كورده‌و، سه‌ڵاحه‌ددینی ئه‌یوبی فهزڵو منه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ئه‌م زانكۆیه هه‌یه، چونكه دامه‌زرێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌زهه‌ری ئێستایه‌و، كه‌س ناتوانێ ئه‌مه بشارێته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، به‌ڕێزیان باسی له پوخته‌ی هاتنو ژیان‌و كۆچی دوایی زانای ناودار شێخ (محمدأمین كوردی) باپیره‌گه‌وره‌ی كرد‌و، گوتی: كه له ئه‌سڵدا خه‌ڵكی شاری ههولێرنو، ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌كوردستانه‌وه بۆ میسڕ هێناوه‌و، ئێستا ئه‌م ته‌ریقه‌ته زیاتر له 20 هه‌زار موریدی له‌و وڵاته هه‌یه.
شایه‌نی باسه: دواتر له گفتوگۆیێكی كراوه‌دا له‌گه‌ڵ زانایانی ئایینی هه‌رێم چه‌ندین پرسیار‌و قسه‌وباس ئاڵوگۆڕكرانو، پاشان له مزگه‌وتی شێخ (محمدأمین كوردی) ئێواره‌خوانێكی بۆ مامۆستایانی ئایینی خولی ناوبراو، به ئاماده‌بوونی ژماره‌یێكی به‌رچاو له‌زانایانی ئایینی سازكرد.
|