یەكێتی زانایان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ ستافی سەرجەم لقەكانی ساز دەكات

بە مەبەستی تووند‌و تۆڵكردنی ریزەكانی زانایانی ئایینی‌و، دانانی بەرنامەیەكی چڕ‌و پڕ بۆ كاركردنی هاوبەش‌و بەهێز بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیامی مامۆستایان‌و زانایانی ئایینی، رۆژی یەكشەمە (17/6/2012) مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە هۆڵی زانایان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ ستافی سەرجەم لقەكانی یەكێتی زانایان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.



لە كۆبوونەوەكەدا مەلا عبد الله مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان لە وتارێكیدا ناوەڕۆكی ئامانجەكانی كۆبوونەوەكەی باس كرد، كە بریتی بوو لە پتر تووند‌و تۆڵكردنی ریزەكانی زانایان بەتایبەتی لە ناو ستافی لقەكانی یەكێتی زانایان، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەیوەندیەكی تووند‌و بەهێزیان لەگەڵ سەرجەم زانایانی ئایینی هەبێت‌و، خۆیان بە خاوەنی یەكەم‌و راستەقینەی زانایانی ئایینی بزانن‌و، كاركردنیان لە ناو ریزەكانی یەكێتی زانایان لە ئاست متمانەی مامۆستایانی ئایینی كوردستان بێت.



هەروەها پێویستە باشترین هاوكاری‌و هەماهەنگیان لەگەڵ راگەیاندنەكان‌و دەزگا رۆشنبیرییەكان هەبێت‌و، هەوڵبدەن وێڕای پەیوەندی، هاوكاریشیان بن‌و، بەشداریەكی كارای چالاكییە رۆشنبیرییەكان بن، هەروەها یەكێتی زانایان وەك تاكە رێكخراوی نوێنەری زانایانی ئایینی، داخوازی مامۆستایان بە گرنگییەوە وەربگرن، بۆ ئەوەی یەكدەنگی ناو مامۆستایانی ئایینی بپارێزن، بەشێوەیەك، كە مامۆستایانی ئایینی هەمیشە پەناگەیەكی پڕ ئارامی بن بۆ هاووڵاتیانی كوردستان.



هەروەك پێویستە هەوڵ بدەن، باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەكان ببەستن، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف‌و بەڕێوەبەرایەتیەكانیان.



دواتر مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان تیشكی خستە سەر ئەوەی پێویستە مامۆستایانی ئایینی لە هاتنەپێشی هەر ئاریشەیەكی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان لایەنی ئیسڵاح‌و چاكسازی بن‌و، بە هیچ شێوەیەك نەبنە تەرەفێك، كە خوانەخواستە زیانی بۆ ژیانی خەڵك هەبێت.



بەشێكی دیكەی كۆبوونەكە لەسەر ئەوە بوو، كە یەكێتی زانایان بە ئەركی خۆی دەزانێت، پارێزگاری لە مامۆستایانی ئایینی بكات، بەڵام هەر كەسێكیش بەدەر لە رێنماییەكانی یەكێتی زانایان‌و، گەڕانەوە بۆ یەكێتی زانایان هەر حاڵەتێكی سەلبی لێوە دروست بێت، یەكێتی زانایان وەك ئەندامێكی خۆی پارێزگاری لێ‌ ناكات.



بەشێكی دیكەی دانیشتنەكە ئەوەبوو، كە مامۆستایانی ئایینی وەك هەر تاكێكی دیكەی كورد، ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ئینتیمای سیاسیان، بەڵام بە هیچ شێوەیەك نابێ‌ لە ناو كاری پیشەییان‌و مینبەر‌و وتارە ئایینیەكانیان رەنگ بداتەوە، چونكە بەم كارە لە پێگەی مزگەوت‌و زانایانی ئایینی كەم دەكەنەوە.



پاشان بە را‌و سەرنجی ئامادەبوانەوە دەوڵەمەندتر كرا.