سەنتەری زانایان بۆ رۆشنبیری ئایینی بە بەژداری (50) ئەندام یەكەمین كۆنفرانسی خۆی ساز دا


راگەیاندنی سەنتەر:
رۆژی 21/6/2012 لە هۆلێ‌ ئەوقافی سۆران‌و بە ئامادەبوونی (50) ئەندامی كارا، سەنتەری زانایان بۆ رۆشنبیری ئایینی لە ژێر دروشمی ( لەپێناو گەشەپێدانی رۆشنبیری ئایینی‌و كاراتر كردنی رۆڵی مامۆستایانی ئایینی) یەكەمین كۆنفرانسی خۆی سازدا.

لە مەراسیمی كردنەوەی ئەو كۆنفرانسە، كە هەر یەكە لە بەرێزان مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێـتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و كرمانج عزت قایمقامی سۆران‌و ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتی ئیداری‌و رۆشنبیری‌و لایەنەكان‌و راگەیەندكاری دەڤەرەكە ئامادەی بوون.

كۆنفرانسەكە بە خوێندنی چەند ئایەتێك لە قوڕئانی پیرۆز دەستی پێكردو دواتریش (وەیسی سەعید وەیسی) بەرپرسی سەنتەر وتەیەكی پێشكەش كردو تێیدا وێڕای بەخێرهێنانی میوان تیشكی خستە سەر گرنگی كۆنفرانسەكە‌و پێویستی سەنتەرێكی لەو شێوە لە دەڤەری سۆران‌و دەوروبەری..

دواتر بەرێز مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێـتی زانایان وتەیەكی پێشكەش كرد‌و تێیدا باسی لە رۆڵی زانایانی ئایینی كردەوە‌و، بەشێكی لە هەوڵ‌و تێكۆشانەكانی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغی ئێستاو رابردوو خستە روو، هەورەها وێڕای پشتیوانی دەربڕین بۆ سەنتەری زانایان هیوای سەركەوتنی كۆنفرانسەكەی خواست‌و گوتیشی: هیوام وایە ئەو سەنتەرە هەوێنی خزمەتێكی لە ئاست پێویست‌و بەرپرسیارێتی خۆیدا بێت‌و بتوانێ‌ بەجوانترین شێوە خزمەتی مامۆستایانی ئایینی بكات.

هەروەها لە وتەیەكدا قاقیمقامی سۆران تیشكی خستە سەر رۆڵ‌و پێگەی مامۆستایانی ئایینی‌و، بە پێویستی زانی سەنتەرێكی لەو شێوە بوونی هەبێ‌ بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەتە پڕ هۆشیاری‌و مەعنەویەكانی زانایانی ئایینی بە خەڵكی ناوچەكە.

دواتر كۆنفرانس دەستی بەكارەكانی كردو لێژنەی سەرپەرشتیاری كۆنفران بە كۆی دەنگی ئەندامان هەڵبژێردرا كە پێك هاتبوو لە بەڕێزان: مامۆستا مەلا رسوڵ سیتكانی‌و مامۆستا مەلا مەلحەم محمد ساڵح‌و مامۆستا مەلا مسكین مزروی‌و مامۆستا مەلا یونس گرتكی).

پاشان لێنەی ناوبراو بەرپرسی سەنتەریان تەكلیف كرد بۆ پێشكەش كردنی راپۆرتی گشتی‌و دوای ئەوەش چەند لێژنەیەك بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەو و پرۆگرام‌و بڕیارو راسپاردەكانی سەنتەر پێك هێندرا.

دوای تەواو بوونی كارەكانیان هەردوو لێژنەی پێداچوونەوەی پەیڕەو و پرۆگرام‌و بڕیارو راسپاردەكان، راپۆرتی خۆیان پێشكەش كرد‌و بەو پەڕی ئازادیشەوە سەرنج‌و بۆچوونی ئەندامانی كۆنفرانس لەسەر تەواوی بڕگە‌و ماددە‌و بەندەكانی پەیڕەو و پرۆگرام وەرگیرا.

پاشان بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی سەنتەر، كە پێنج كەس دەردەچن بۆ دەستەی كارگێڕی سەنتەر، بە شێوەیەكی شەفاف‌و بە ئامادەبوونی دادوەر‌و لە كەشێكی ئازادانە دەرگای خۆپاڵاوتن لەبەردەم ئەندامان كرایەوە‌و، پرۆسەی دەنگدان دەستی پێكردو دوای لێك دەركردنی دەنگەكان، ئەنجامەكە بەم شێوەی خوارەوە دەرچوو:

_ م. مەلا وەیسی مەلا سەعید ( یەكەم )
_ م. مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەد شێركاوەیی ( دووەم )
_ م. مەلا محمود محمد (مەلا محمود گەڵاڵی)، ( سێیەم )
_ م. مەلا رسول گەزنەیی ( چوارەم )
_ م.مەلا محمد بەرزێوەیی ( پێنجەم )

جێی ئاماژە پێدانە ئەمە یەكەمین كۆنفرانسی سەنتەری زانایانە‌و بە پێی زۆرینەی دەنگی ئەندامانی كۆنفرانسیش بڕیار لەسەر ئەوە درا كە ناوی سەنتەر بگۆڕدرێ‌ لە ( سەنتەری زانایان بۆ رۆشنبیری ئایینی)یەوە بۆ ( سەنتەری زانایان بۆ چالاكی ئایینی ئیسلامی).

شایانی باسە لە ئێوارەی هەمان رۆژ بە شێوەیەكی سەركەوتووانە‌و ئاساییەوە كۆنفرانس كۆتایی بەكارەكانی هێناو سەركەوتووانە كۆنفرانسەكە كۆتایی هات.