یەكێتی زانایان داوا دەكات ئامادەكاری بكرێت بۆ رێزگرتن لە مانگی رەمەزانی پیرۆز

رۆژی دوو شەمە (2/7/2012) ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان بە سەرۆكایەتی مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی زانایان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان گرێدا‌و، لە كۆبوونەوەكەدا، كۆمەڵێك تەوەر خرانە بەر باس‌و گفتوگۆ، كە پەیوەندیان بە باشتركردنی بار‌و گوزەرانی مامۆستایانی ئایینیەوە هەبوو، ئینجا لە تەوەرێكی دیكەدا چۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز قسە‌و گفتوگۆی لەسەر كرا، بەوەی یەكە ئیدارییەكان بە وردی بەدواداچوون‌و موتابەعەیان هەبێت بۆ رێزگرتن لە مانگی رەمەزانی پیرۆز‌و، بە جوانی هێشتنەوەی سیما‌و ئەخلاقی كۆمەڵگەی كوردەواری، كە هەمیشە كۆمەڵگەیەك بێت، رێز‌و خۆشەویستی تێیدا باڵادەست بێت، هەروەها داوایان لە هاووڵاتیان‌و دام‌و دەزگاكان، بەتایبەتیش كەناڵەكانی راگەیاندن كرد، لەم مانگەدا حسێب بۆ هەست‌و سۆزی موسڵمانان بكەن‌و، كارێك نەكەن، ببێنە مایەی برینداركردنی هەستی خەڵكگی رۆژووەوان، هەر بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتی زانایان هەموو هاوكاری‌و هەماهەنگی خۆی بۆ سەرجەم راگەیاندنە جیاوازەكان دەربڕی‌و، بەتایبەتی هەر لقێكی یەكێتی زانایان پێویستە باشترین‌و چاكترین هاوكار بێت بۆ راگەیاندنی سنوورەكەی خۆی، هەروەها لێژنەی باڵای فەتوای كوردستانیش هەر لە ئێستاوە ئامادەسازی بكات بۆ هەر بابەتێكی پەیوەست بە باری فەتوا‌و بە رۆژووبوونەوە.