روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی زانایان له‌سه‌ر فه‌توای خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌



دوای ده‌ركردنی فه‌توای خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستانه‌وه‌، كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو، كه‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زا خۆشحاڵبوون به‌ فه‌توایه‌كه‌‌و، به‌ هه‌نگاوێكی بوێر ناویان برد، كه‌ لێژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان له‌م كاته‌دا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی نا، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا كه‌سانێكی دیكه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پتر له‌ بواری رۆژنامه‌نووسی كار ده‌كه‌ن، به‌ هه‌ڵه‌ فه‌تواكه‌یان لێكدایه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستمان زانی بۆ راستكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كه‌یان تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌:

1/ هه‌موو بابه‌تێك كه‌ ده‌خرێته‌ روو، پێویسته‌ هه‌موو را جیاوازه‌كانی له‌ باره‌وه‌ باس بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی شاره‌زا له‌ را‌و بۆچوونی زانایانی فیقهی ئیسلامی وا تێنه‌گه‌ن ئه‌م فه‌توایه‌ به‌بێ‌ ئاگاداربوون له‌ رای شه‌رعزانه‌كانی ئیسلام بووه‌، بۆیه‌ خستنه‌ رووی رای جیاوازی زانایان، ئامانج لێی زیاتر خستنه‌ڕوی بابه‌تیانه‌‌و زانستیانه‌ی بابه‌ته‌كه‌یه‌.

2/ فه‌توایه‌كه‌ كۆتایی به‌ پوخته‌ی رای زانایان ده‌هێنێت، كه‌ خه‌ته‌نه‌ واجب نییه‌، له‌م خاڵه‌دا گرفتی یه‌كه‌م كۆتایی دێت، كه‌ كه‌سانێك پێیان وابێت بۆیه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، چونكه‌ واجبه‌، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا كارێكی زۆر مه‌زن بوو، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك تێبگه‌یه‌ندرێت ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ كه‌ واجبه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

3/ سه‌یر ئه‌وه‌یه‌، هه‌ندێك براده‌ری رۆژنامه‌نووس رای تایبه‌تی لێژنه‌ی باڵای فه‌توا‌و خستنه‌ رووی رای جیاوازی زانایانیان لێ‌ تێكه‌ڵا بووه‌، كه‌ پێیان وایه‌ لێژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان خه‌ته‌نه‌كردنیان به‌ سوننه‌ت‌و مه‌كره‌مه‌ داناوه‌، ده‌قی فه‌توایه‌كه‌ی لێژنه‌ی باڵای فه‌توا، بریتییه‌ له‌و چه‌ند دێڕه‌ی له‌ كۆتایی فه‌تواكه‌ خراوه‌ته‌ ناو كه‌وانه‌، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسی سوننه‌ت‌و مه‌كره‌مه‌ی تێدا نییه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌ راشكاوی ئه‌وه‌ ده‌ڵێن: كه‌ هیچ ده‌قێكی راشكاوانه‌ له‌ قورئان‌و فه‌رمووده‌دا نییه‌، كه‌ خه‌ته‌نه‌كردن به‌ سوننه‌ت یان به‌ واجب دابنێت.

4/ پوخته‌ی فه‌توای لێژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان، پێی وایه‌، وه‌لی ئه‌مر ئازاده‌ به‌وه‌ی بیكات یان نه‌ی كات، ئه‌م ئازادیه‌ش به‌ ره‌هایی نییه‌، به‌ڵكو بۆیان بووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ زیانی خێرایی یان دوایی به‌سه‌ر كچانه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌و كاتی ده‌بێ‌ لێی دووركه‌ونه‌وه‌، ئینجا ئه‌و بنه‌ما‌و فه‌رموده‌یه‌ ده‌خه‌نه‌ روو، كه‌ به‌شێوه‌ی نه‌هی فه‌رمان ده‌كات، كه‌ نابێت زیان به‌ كه‌سانی دیكه‌ بگه‌یه‌نن، كه‌ به‌م پێیه‌ش ئێستا به‌ دیاركه‌وتووه‌ ئه‌مه‌ زیانی هه‌یه‌، ده‌بێ‌ هاوولاتیان له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ دوور كه‌ونه‌وه‌.

5/ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بووین، دوای ده‌ركردنی فه‌توای لێژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد، كه‌ راگه‌یاندنه‌كان پتر هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پشت به‌ستن به‌م فه‌توایه‌ خه‌ڵكی هان بده‌ن بۆ دووركه‌وتن له‌م دیارده‌یه‌، كه‌ هه‌ندێك له‌ راگه‌یاندنه‌كان ئه‌و رۆڵه‌ باشه‌یان بینی، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌ بوو، كه‌سانێكی ناپسپۆڕ له‌ بواری فه‌توا مه‌سه‌له‌كه‌یان ئاوه‌ژوو كرده‌وه‌، كه‌ دڵنیاین ئه‌وانیش مه‌به‌ستیان چاكه‌ بووه‌‌و، ئامانجیان بووه‌ ئه‌و راستیانه‌یان باشتر بۆ بخه‌ینه‌ روو.

6/ چاوه‌ڕێشمان ده‌كرد پاش ئه‌م فه‌توایه‌ رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان‌و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هه‌ڵستابان زیانه‌كانی ئه‌م كاره‌یان له‌لایه‌نی ته‌ندرووستییه‌وه‌ بخستبانه‌ روو، كه‌ دواتر به‌ پشت به‌ستن به‌م فه‌توایه‌‌و راپۆرتی ته‌ندروستی وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك بیان دابایه‌ په‌رله‌مان بۆ رێگرتن له‌م كاره‌‌و، ئه‌و كاتیش زانایانی ئایینی پتر هاوكاریان ده‌بین.

له‌ كۆتاییدا هیوادارین شته‌كان به‌ پێوه‌ری زانستی بخوێندرێنه‌وه‌، له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ربخرێن‌و، پرسیاریش له‌و شوێنه‌ بكرێت، كه‌ فه‌تواكه‌ی لێ دراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك پێكه‌وه‌ بتوانین له‌ پێناو مافه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كۆمه‌ڵگا كار بكه‌ین‌و، ئافره‌تان‌و هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

راگه‌یاندنی
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
‏12‏/7‏/2010