حوكمی شه‌رعی گۆرینی نه‌ته‌وه‌

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

[ وَلاَ يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلاَّ تَعْدِلُواْ اعْدِلُواْ هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى ]

به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ست ده‌كرێت كه‌ هه‌ندێ‌ له‌ ناحه‌زانی كورد هه‌وڵده‌ده‌ن جارێكی تر پیلانی شۆفێنیانه‌ی خۆیان جێ‌ به‌جێ‌ بكه‌ن و نكۆلی له‌ كورد بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری هاولاتیانی كوردستان بكه‌ن، به‌تایبه‌تی كوردانی شه‌به‌ك و ئێزیدی، بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌ ئیراقدا و له‌كاتی سه‌رژمێری گشتی كه‌م بكرێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ لێژنه‌ی بالای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان به‌ پێویستی زانی كه‌وا ڕای شه‌رعی خۆی له‌م بابه‌ته‌ رابگه‌ینێت .

خوای گه‌وره‌ مرۆڤایه‌تی دابه‌ش كردوه‌ به‌سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كاندا نه‌ك به‌ پێ‌ ی ویستی تاكه‌كان، به‌ به‌ڵگه‌ی قورئانی ( وجعلناكم شعوباَ وقبائل ) هه‌ر خوای گه‌وره‌ خۆیشی حیكمه‌ته‌كه‌ ده‌زانی، ‌وهه‌رتاكێكی كۆمه‌ڵگای كردۆته‌ ئه‌ندام له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كدا به‌ ویستی خۆی، و پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (f ) به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگای نه‌داوه‌ كه‌ مرۆڤ حاشایی و نكۆلی له‌ گه‌ل ونه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات ، وده‌فه‌رمووێت ودةفةرموويَت (إنَّ من أعظم الفرى أن يدَّعي الرجل إلى غير أبيه) و (من ادَّعَى إلى غَيْرِ أبيه وهو يَعْلَمُ أَنَّهُ غَيْرُ أبيه فَالْجَنَّةُ عليه حَرَامٌ )، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌وا له‌ كومه‌ڵگای ئیسلامیدا ژماره‌یه‌ك له‌ ( صه‌حابه‌ و یاران ) به‌ نه‌ته‌وه‌كانیان ناسرابوون و هیچ كه‌س نكۆلی لێ‌ نه‌كردن و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی لێی قه‌ده‌غه‌ نه‌كردن ، وچه‌ندین به‌ڵگه‌ی تر .

بۆیه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ڕای زانایانی ئیسلام له‌ سه‌ر شی كردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌له‌ فه‌رمایشتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ، لێژنه‌ی بالای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌ینێت كه‌ : ( مافێكی سروشتی هه‌موو مرۆڤێكه‌ خۆی به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بناسێنێت و لادان له‌ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و گۆرینی نه‌ته‌وه‌ چ به‌ ویستی خۆی وه‌یا له‌ژێر هه‌ر فشارێك بێت پێشێل كردنێكی ئاشكرایی ویستی خوای گه‌وره‌ داده‌نرێت و، هیچ كه‌سێكیش بۆی نیه‌ فشار له‌ سه‌ر هیچ كه‌سێكی تر بكات بۆ گۆرینی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌ڵكو گۆرینی نه‌ته‌وه‌ له‌ ئیسلامدا به‌ تاوان هه‌ژمار ده‌كرێت )


لێژنه‌ی بالای فه‌توا ی هه‌رێمی كوردستان
26/10/2010