شاندێكی یەكێتی زانایان سەردانی توركیا دەكات

جەعفەر گوانی-ئەستەنبۆڵ:
لەسەر بانگهێشتی كۆمپانیای فەزالەر، شاندێكی یەكێتی زانایان سەردانی وڵاتی توركیایان كرد، شاندەكە بە سەرۆكایەتی مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و، چەند ئەندامێكی مەكتەبی تەنفیزی‌و چەند كەسێكی دیكەی ناو كاری راگەیاندنی یەكێتی زانایان بوو.
 
لە میانی سەردانەكەدا چەندین شوێنیان بەسەركردنەوە، كە هەموویان بۆ كەسانێك، كە لە بواری ئایینیەوە كار بكەن پێویست بوون، ئەویش چەندان شوێنەواری ئیسلامی گرنگی وەك مزگەوت‌و شوێنە بەناوبانگەكانی ئەستەنبۆڵ‌و شاری بۆرسا، كە هەر شوێنێك رووداوێك‌و بەسەر هات‌و مێژووێكی هەبوو.
 
هەروەها سەردانی چەندین شوێنی رۆشنبیری‌و ئەكادیمی گرنگی ئەم وڵاتەیان كرد‌و، لە دواهەمین رۆژیشدا سەردانی كەناڵی ئاسمانی (Stv) یان كرد، كە زنجیرە كەناڵێكی زۆربەی بوارەكانی هەیە‌و، كەناڵێكی ئایینی تایبەتی هەیە، هەروەها یەكەمین گرووپیش بوون، كە كەناڵی ئاسمانی بە زمانی كوردی بكەنەوە، چونكە كەناڵی ئاسمانی (دونیا) یەكەمین كەناڵ بووە لەم وڵاتە پەخشەكەی بە زمانی كوردی بووە، هەروەها كەناڵێكیشیان بە زمانی ئازەری هەبوو، ئەوە سەرباری كەناڵی خێزانی‌و منداڵانە‌و هەواڵی‌و...، كە كۆی كەناڵەكان (9) كەناڵ بوو.
 
بەڕێوەبەری كەناڵەكە پوختەیەكی دەربارەی كار‌و چالاكییەكانیان باس كرد، پاشتر سەردانی گۆڤاری (حرا)یان كرد، ئەویش گۆڤارێكی ئایینی رۆشنبیرییە مانگانە بە زمانی عەرەبی دەردەچێت‌و، لەوێش لە بارەگای گۆڤارەكە، مامۆستا نەوزاد سەرنووسەری گۆڤارەكە پوختەیەكی دەربارەی گۆڤارەكە‌و، شێوازی خوێندن‌و پەروەردە باس كرد.
مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان لە تەواوی سەردانەكە پوختەیەكی دەربارەی كار‌و چالاكی‌و رۆڵی زانایانی ئایینی كوردستان‌و یەكێتی زانایان دەخستە روو، كە تەواو جێگەی دڵخۆشی كەسەكان بوو، هەروەها دیاری یەكێتی زانایان كە بریتی بوو، لە قورئانێكی وەرگێردراو بۆ سەر زمانی كوردی بە وەرگێڕانی هەژاری موكریانی‌و، هەروەها چەند كتێب‌و نووسراوێكی دیكەی كوردی‌و، چەند شتێكی دیكەی كەلەپووری، كە گوزارشت بوو لە مێژووی ئایینی‌و خوێندنی ئایینی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كردن.
 
ئەمە‌و جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی زانایان سوپاسێكی گەرمی ئەم بەڕێزانەی كرد‌و، گووتی: بەراستی زۆر رێزیان گرتین‌و، زۆریش لەگەڵمان ماندووبوون، ئەم كارەشیان سەرەتا‌و بناغەی كاری زیاترە‌و، هەوڵدەدەین لە داهاتوودا كۆمەڵێك پڕۆژە‌و كاری هاوبەشمان هەبێت.
 
لە داهاتوودا راپۆرتێكی درێژتر دەربارەی ئەم سەردانە دەخەینە بەر دیدی خوێنەرانمان.