بەناوی خوای گەورە ومیهرەبان بەپێی ئەوەی ئەمساڵ هەردوو نوێژی هەینیو نوێژی جەژن دەكەونە یەك رۆژ، دەنگۆیەك لە ناو موسڵمانان بڵاوبۆتەوە، بەوەی تەنها یەكێكیان واجبەو، ئەوەی دووەم سووننەتە. بۆ روونكردنەوەی ئەم بابەتە، زانایانی فیقهی ئیسلامی دوو رایان هەیە، رايێكیان كه رای ئیمامی ئەحمەدە، پێی وایە ئەگەر كەسێك بەشداری نوێژی جەژنی كرد، لەسەری واجب نییە بەشداری نوێژی هەینی بكات، بەڵام بۆی دروستەو، دەتوانێ هەردووكیان ئەنجام بداتو، خێریشی پترە، تەنها ئیمام نەبێت، ئەو دەبێت نوێژی هەینی بكات، تا ئەوانەی بەشداری نوێژی جەژنییان نەكردووە، یان حەز دەكەن جومعە بكەن، بتوانن بەشداری بكەن، بۆ ئەمەش پشتی بە كۆمەڵێك فەرموودەی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت بەستووە. بەڵام رای جمهوری زانایانی ئیسلام بەتایبەتی هەرسێ مەزەبی (حەنەفیو شافیعیو مالیكی) پێیان وایە، بە هیچ شێوەیەك نوێژی جەژن شوێنی نوێژی هەینی ناگرێتەوەو، چونكە هەر یەكێكیان خواپەرستییەكی سەربەخۆیە، بۆیە دەبێ موسڵمانان نوێژی هەینی ئەنجام بدەن، پێشیان وایە ئەو فەرمودانەی، هاتوونە، كە رێگەیانداوە بەوەی بەشداری نوێژی هەینی نەكەن، بەشێوەیەكی گشتی نینە، بەڵكو تایبەتن بەو گوندو شوێنە دوورانەی مزگەوتیان نییە، یان وتاری هەینیان نییە، بۆ ئەوان رێگە دراوە، دوای ئەوەی بەشداری نوێژی جەژنیان كرد، نوێژی نیوەڕۆ بكەنو، بەشداری نوێژی هەینی نەكەن. بۆیە پێویستە بە هیچ شێوەیەك ئەوە نەكرێتە مایەی دەنگە دەنگو فیتنەو قسەو قسەلۆكو دروستكردنی رارایی و كێشە نانەوە لە ناو موسڵمانان، باشتر وایە موسڵمانان بۆ دەرچوون لە خیلافو را جیاوازی، بەشداری نوێژی هەینی بكەن، چونكە ئەو كاتی لە جیاتی پەناربردن بۆ روخسەت، دەستگرتنە بە عەزیمەتو رۆییشتنە لەسەر رای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلامی، لە خیلافیش چوونەتە دەر. لێژنەی باڵای فەتوای كوردستان 25/10/2012 |