لیژنەی بالای فەتوا: ئەو پارە زیادەی ساڵانە ئەچێتە سەرپارەو پولی ناكامەكان لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری ناكامەكان لە بەر ئەوەی بە شێوەی جەبری دێت حەڕام نییە

( فەتوای شەرعی )

پرسیارێكی شەرعی ئاراستەی لێژنەی بالای فەتوای هەرێمی كوردستان كراوە سەبارەت بە  پارەی ناكامەكان، كە لە بەڕێوەرایەتی چاودێری ناكامەكان دادەنرێت، لە ئەنجامی فرۆشتنی موڵك ‌و ماڵ‌و یاخود موچەی باوكی، كە بەوەڕەسە بۆی ماوەتەوە، بەجەبری دێتە ئەو بەڕێوەبەرایەتیە، (فائیدە) زێدەیی ساڵانە ئەچێتە سەر، زیاد ئەبێت، ئایا ئەو زیادەیە حەڕامە یا حەڵاڵ..؟.

 

وەڵام/

لێژنەی باڵای فەتوا پاش لێكۆڵینەوەو تاوتوێ‌ كردنی ئەم بابەتە ، لە كۆبونەوەی رۆژی 12/2/2013، بە تێرو تەسەلی بڕیاری دا:

ئەو پارە زیادەی ساڵانە ئەچێتە سەرپارەو پولی ناكامەكان لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری ناكامەكان لە بەر ئەوەی بە شێوەی جەبری دێتە ئەو بەڕێوەبەرایەتی یە‌و حكومەت مامەڵەی پێوە ئەكات هەتا باڵغ ئەبن، ئەوجا ئەیان داتەوە بەو زیادەوە، ئەو زیادە حەڕام نی یەو دروستە وەرگرتنی، و ناچێتە بابی سوو (الربا)، چونكە سوو دروست ئەبێت یان لەڕێگەی موعامەلەیە، نەقەرزە، بەڵكو یان ئەمانەتە، یان غەصب وەردەگرێ،و هەر كەس مامەڵەی پێوە كرد قازانجی بۆ خۆیەتی، ئەوەی واجبە بەس ئەندازەی پارە غصب كراوە كە ئەداتەوە، ئەگەر زیادەی دا ئەو ماڵی خۆیەتی‌و چاكەیەكە لەبەرامبەر بەكارهێنانی، ئەمەش سوو (ربا) نی یە، بەڵكو ئەچێتە ریزی چاكەو هاوكاری – الإحسان والتعاون..

دیارە ئەم حوكمە كاتێ‌ وایە كە پارەو پولی ئەو ناكامانە بە جەبری ببرێ لەلایەن ئەو بەڕێوەبەرایەتە، بەڵام ئەگەر سەرپەرشتیاری ئەو ناكامانە بە ویست‌و ئارەزوی خۆی ئەم پارە ببات بێ‌ هیچ داوایەك، لە بانك دایبنێت‌و پاشان زیادەی بێتە سەری ئەو زیادە حەڕامەو نابێت وەربگیرێت بۆ ئەو مناڵانە، وەنەش گەڕێتەوە بۆ بانك، بەڵكو وەربگیرێت‌و لە پڕۆژەی گشتی سەرف بكرێت (المشاریع العامە).

 

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان

لێژنەی بالای فەتوا

href=files/nakamekan-ziyade.gif>