حوكمی ئەو ڕایەخانەی كە لە مزگەوتەكان پێویستیان پێ‌ نەماوە

 

 پرسیارێكی شەرعی ئاراستەی لێژنەی بالای فەتوای هەرێمی كوردستان كراوە، لە سەر ئەوەی : [ ئایا دروستە ئەو فەرش‌و كومبارە زیادانەی لە مزگەوتەكانن و پێویستی پێ‌ نەماوە بدرێتە كوردە ئاوارەكانی سوریا ]

 وەڵام/

لێژنەی بالای فەتوای هەرێمی كوردستان، دوایی تاوتوێ‌ كردنی بابەتەكە ، لە كۆبونەوەی رۆژی 19/2/2013 بەڕای زۆرینەی ئەندامەكانی ئەم فەتواییەی خوارەوەی دەركرد :

 رای زانایانی فیقهی ئیسلامی وایە ئەو فەرشانە وەقف ئەكرێن لەسەر مزگەوتێكی دیاری كرا، ئەگەر ئەو مزگەوتە پێویستی پێ نەما دروستە بۆ سەرپەرشتیار (المتولی) لایان بدات‌و بیان گوێزێتەوە بۆ مزگەوتێكی تر كە پێویستی پێ هەبێ‌، بەڵام دروست نی یە بیان فرۆشی بە هیچ جۆرێ‌.

ئەمەش كاتێك وایە كە ئەو فەرشانە وەقف كرابن بە وەقفێكی سەحیح و تەواو ‌و هەموو مەرجەكانی وەقفی تیادا هاتبێتە جێ‌، كە یەكێك لەو مەرجانە ئەوەیە واقف بە زمانی خۆی وتبێتی: ئەم وەقفە بۆ ئەم مزگەوتە.

 بەڵام گەر بەم شێوە نەبوو ، ( كڕا ) بوو  یان ( بەخشراو ) هەدیە كرا بوو بە مزگەوت ، بەبێ‌ ناو هێنانی وشەی وەقف كە ئێستا عادەتی زۆربەی هەر زۆری خێرخوازان بەم شێوەیە، ئەوا فەرشەكە ئەبێتە موڵكی مزگەوت، بەڵام نابێتە وەقفێك كە تەسەڕوف تیایا دروست نەبێت، بەڵكو دروستە بۆ متولی  و سەرپەرشتیاری مزگەوتەكە تەسەڕوفی تیا بكات بەو شێوەی بەرژەوەندی تیایە، چ بە فرۆشتن، یان بەگۆڕین، یان بەهەر شتێكی تر..

 بەتایبەتی لە مەزهەبی حەنبەلیەدا كە فەتوایان داوە  كە: دروستە ئەو فەرش‌و كومبارو حەسیرو شتەكانی زیادەن لە مزگەوت بدرێتە مزگەوتێكی تر یان هەژاران ، و لە كتێبی (المغنی والشرح الكبیر لإبن قدامە المقدسی) هاتووە:

 (مسألة وما فضل من حصره وزيته عن حاجته جاز صرفه الى مسجد آخر ، والصدقة به على فقراء المسلمين)، و رون‌و ئاشكرایە مەزهەبی ئیمام ئەحمەد مەزهەبێكی حەق‌و ڕاستە لای گشت موسڵمانان.. دروستە تەقلیدی بكەین،

 بۆیە ڕای لێژنەی باڵای فتوا لەهەرێمی كوردستان وایە: ئەو فەرشە زیادانەی كە ئێستا مزگەوتەكانی كوردستان پێویستیان پێیان نەماوە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بدرێتە هەژاران، و بەتایبەتی كوردە پەنابەرە ئاوارەكانی سوریا، كە ئێستا بێ‌ لانەو خانەو بێ‌ جێگەن‌و لە شوین‌و زێدی خۆیان دەرچون بە ناچاری ئاوارەی وڵاتان‌و هەرێمی كوردستان بوون.

 

 

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان

لێژنەی بالای فەتوا

19/2/2013

 

 

 

href=files/mzgewt1-ftwa.gif>