لە دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو مەترسی تیرۆریستان رووی لە هەرێمی كوردستان كرد پێشمەرگە قارەمانەكانیش بەرگریان لە پیرۆزیەكانی ئەم وڵاتە كردو، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیش بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە پارێزەری سەرو ماڵو گیانو ئابرووی هاوڵاتیانن لە كوردستاندا، دوای وتوێژ لەگەل ئەندامانی لیژنەی باڵای فەتواو زانایانی ئایینی سەرتاسەری كوردستانو شیكردنەوەی رەفتارو كردارەكانی ریكخروای تیرۆریستی داعش بە لە بەرچاوگرتنی سەرجەم دەقە ئایینیەكانو مەقاسیدی شەریعەی ئیسلام لیژنەی باڵای فەتوا فەتوایدا كە شەڕكردن لە دژی داعش جیهادەو هەر پێشمەرگەیەكیش ببێتە قوربانی لە روانگەی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بە شەهید ئەژمار دەكرێت. لەم بارەیەوە مامۆستا محەمەد وەرتی سەرۆکی لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان گوتی: بە فەرمی رایدەگەیەنین كە شەڕكردن لە دژی چەكدارانی داعش جیهادەو، پارێزگاری كردن لە نیشتیمان ئەركێكی ئایینیەو هەركەسێكیش لە پێشمەرگە یا خود خۆبەخشەكان ببێتە قوربانی بە شەهید ئەژمار دەكرێ، چونكە داعش نیازی داگیركردنی كوردستانی هەیەو هەر كەسێك هێرش بكاتە سەر خاكو ماڵو ئابرووی موسڵمانان رووبەروو بوونەوەی جیهادە قوربانیەكانیشی بە شەهید ئەژمار دەكرێن، چونكە دەست پێشخەر نەبووینەو نە چووینە ناو خاكی هیچ كەسێكەوەو پێویستە برا پێشمەرگەكانیشمان داكۆكیكەر بن لە پارێزگاری كردن لە خاكی كوردستانو ستەم لە خەڵكی سڤیل نەكەن. |