فه‌توای شه‌رعی ده‌رباره‌ی به‌كار هێنانی كاره‌با به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی

ماوەیەکە قسەو باسی زۆر لەسەر بە هەدەردانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، چ وەك زێدەرۆییکردن یان بردنی کارەبا بەشێوەی نایاسایی وەك دانانی سپلیت و گیزەر لە دەرەوەی سعاتی کارەبا، یان هەڵکردنی شتی زیاد... هەموو ئەوانە وایکردووە رێژەیەکی زۆری کارەبا بە فیرۆ بچێت و پاڵەپەستۆیەکی زۆر دروست بکات، کە سەرەنجام وەك یەك لە هۆکارەکان پێدانی کارەبا کەم بکاتەوە. بۆیە لێژنەی باڵای فەتوای کوردستان روونکردنەوەیەکی لەم بارەوە بڵاو دەکاتەوە.. کە رایدەگەیەنن: (هه‌ر زیاده‌ڕه‌وی و تجاوزێك له‌كاره‌بادا بكرێت له‌هه‌رێمی كوردستان چ وه‌ك تاك ، چ وه‌ك هه‌ر ده‌زگایه‌ك حكومی بێت ، یان رێكخراوه‌كان حه‌رامه‌ و دروست نییه‌).

ئەمەی خوارەوە دەقی فەتواکەیە: 

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان

)فه‌توای شه‌رعی ده‌رباره‌ی  به‌كار هێنانی كاره‌با به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی(

پرسیارێكی شه‌رعی ئاراسته‌ی لێژنه‌ی بالای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان كرا، سه‌باره‌ت به‌ به‌كار هێنانی كاره‌بای نیشتیمانی به‌شێوه‌ی نا ئاسایی ئایا حه‌ڵاڵه‌ و دروسته‌ یان نا ؟

لێژنه‌ی باڵای فه‌توا پاش لێكۆڵینه‌وه‌و تاوتوێ‌ كردنی ئه‌م بابه‌ته‌  و به‌ سوود  وه‌رگرتن له‌ ڕای زانایانی فیقهی ئیسلامی ، له‌ كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 28/1/2015، به‌ ڕای زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌م  بڕیاره‌ی  خواره‌وه‌ی دا:

ڕون و ئاشكرایه‌ كاره‌بای نیشتیمانی سامانێكی گشتی یه‌،ده‌ست پێوه‌ گرتن و پاراستنی ئه‌ركێكی ئاینی و نیشتیمانی هه‌موو لایه‌كه‌، چ وه‌ك تاك ،چ وه‌ك كۆمه‌ڵ،چ وه‌ك حكومه‌ت ، هه‌ر زیاده‌ مه‌سره‌ف و تجاوز به‌كار هێنانی به‌شێوه‌ی نادروست و نایاسایی رێگه‌ پێدراو نییه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی حه‌رامه‌وه‌ ، به‌غه‌ش و دزی هه‌ژمار ئه‌كرێت، چونكه‌:

 

 1/  پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان ( صلى الله علية وسلم ) فه‌رموویه‌تی:(( من غشنا فليس منا)، واته‌: هه‌ركه‌س و غه‌ش و فێل بكات له‌ ئێمه‌ نی یه‌ .

 2/ هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی (( البر ما إطمأن إليه القلب واطمأن إليه النفس، والإثم ماحاك في النفس ، وتردد في الصدر،وإن أفتاك الناس وأفتوك )) واته‌:چاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ دڵی مرۆڤ له‌سه‌ری چه‌سپاو و راوه‌ستاو بێت ، گوناهو تاوانیش به‌دڵ و ده‌روون و ناخی مرۆڤدا هاتووچۆ ئه‌كات و پێی ناخۆشه‌ كه‌س پێی بزانێ‌ و ئاشكرا بێت .

3/ هه‌ر زیاده‌و ڕه‌ویه‌ك له‌كاره‌با پۆلین ئه‌كرێت له‌بابی: إسراف ، زانایانی فیقهی ئیسلامیش به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی(إسراف) یان كردووه‌ :الإسراف : صرف الشيئ فيما ينبغي زائداً على ما ينبغي ، واته‌ : ئیسراف بریتی یه‌ به‌كار هێنانی شتێكی پێویست زیاد له‌پێ ویستی خۆی ، هه‌روه‌ها پێناسه‌كراوه‌ به‌ : الإسراف:ما زيد بعد المطلوب. هه‌ر شتێ‌ زیاد له‌ پێویستی خۆی به‌كاری هێنا ئیسرافه‌ ،خوای گه‌وره‌ِ له‌قورئانی پیرۆزدا فه‌رموویه‌تی: (ولا تسرفوا إن الله لايحب المسرفين ). واته‌ : زیاده‌ ڕۆیی مه‌كه‌ن،چونكه‌ بێگومان خوا زیاده‌ڕۆی كه‌رانی خۆش ناوێ‌ ، زانایان رێگه‌ یان نه‌داوه‌ به‌زیاده‌ڕۆیی هه‌تا له‌ئاوی ده‌ست نوێژو خۆشوردن و خواردن و هه‌ر شتێكی تر .

4/  له‌ڕوانگه‌ی ئه‌م ئایه‌ت و فه‌رمودانه‌وه‌ هه‌ر زیاده‌ڕه‌وی و تجاوزێك له‌كاره‌بادا بكرێت له‌هه‌رێمی كوردستان چ وه‌ك تاك ، چ وه‌ك هه‌ر ده‌زگایه‌ك حكومی بێت ، یان رێكخراوه‌كان حه‌رامه‌ و دروست نییه‌.

 

یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان

  لێژنه‌ی بالای فه‌توا

27/1/2015