پارێزگاری سلێمانی به‌ یاوه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سلێمانی‌و راوێژكاری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف سه‌ردانی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان ده‌كات

 

ڕاگه‌یاندن/ ملا محمد كه‌ڵكه‌سماقی

به‌مه‌به‌ستی زیاتر خزمه‌تكردن‌و چاودێریكردنی كارو خزمه‌ته‌كانی زانایانی ئاینی و، ئاماده‌سازی بۆ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ به‌رواری 11/7/2012 به‌ڕێز كاك به‌هرۆز پارێزگاری سلێمانی، به‌ یاوه‌ری به‌ڕێز كاك حاجی ئاكۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی شاره‌كه‌و، كاك حاجی عیرفان ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و شاندێكی یاوه‌ریان، سه‌ردانی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كردو، به‌ گه‌رمی له‌لایه‌ن به‌ڕێز به‌رپرسی لق مامۆستا مه‌لا نجم الدین قادر پێشوازیان لێكرا.

 

ئه‌مه‌و سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا نجم الدین خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ هاتنی به‌ڕێزیان‌و، دواتر باس له‌ ئاماده‌كاری‌و رێوشوێنه‌كانی پێشوازیكردن له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزكرا‌و، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێكی گشتی‌و، جه‌ختی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی پێشنوێژو وتار خوێن بۆ گونده‌كان‌و، دامه‌زراندنی خزمه‌تگوزار بۆ ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی كه‌ خزمه‌تگوزاریان نیه‌ یان پێویستیان به‌خزمه‌ت گوزاری زیاتره‌ كرایه‌وه‌و، باس له‌ گرنگیدان به‌ ڕێنمایییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌قاف بۆ پێشوازی ڕه‌مه‌زان و، پێویستی پابه‌ندبوون به‌ ڕێنمایه‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ كرا.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا، ڕۆڵی زانایانی ئایینی كوردستان، له‌كات و بۆنه‌ئایینیه‌كاندا به‌رزنرخێنرا‌و، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ڕاوێژ كاری ئه‌وقاف‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سلێمانی ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیان ده‌ربڕی به‌ خزمه‌تكردنی زانایان و مزگه‌وت‌و موسوڵمانان به‌گشتی، به‌ تایبه‌تی له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا.

 

شایه‌نی باسه‌: له‌كۆتاییدا به‌ڕێزان شاندی میوان لێژنه‌ی فه‌توای لقیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌و، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ماندووبوون و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی لێژنه‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌.