ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەبارەت بە لێک دووری نوێژخوێنان و خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە

لە بەشێکی روونکردنەوەکە هاتووە: داوا لە موسلمانان دەکەین بە تایبەت ئەوانەی هاموشۆی مزگەوتەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی جومعەو جەماعەت لەم کات و ساتەدا، کە شەپۆلێکی دیکەی بەهێزی پەتای کۆرۆنا گەڕاوەتەوە وەک واجبێکی شەرعی گرنگ بڕوانن بۆ پرسی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیەکان، وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە پارێزگاری کردن لە نەفس یەکێکە لە مەبەستە باڵاکانی شەریعەتی ئیسلام کە هەرێمی کوردستان پێی پابەندە.

سەبارەت بە لێک دووری نوێژخوێنان روونکردنەوەکە دەڵێت: لەرووی شەرعیەوە دروستە کە نوێژخوێنان لە دووری یەک رابووەستن لەکاتی ئەنجامدانی نوێژی جەماعەت و نوێژی هەیینی و هیچ لە پاداشتی جەماعەتیان لێ کەم نابێتەوە، بەڵکو تەنها مەگەر پاداشتی بە بەیەکەوە نوساندنی قاچ و شانیان لە سەفی جەماعەتدا لەدەست بچێت، کە سوننەتێکی نوێژی جەماعەتە، بەڵام چونکە نوێژخوێنان مەعزورن پاداشتی ئەوەیشیان بە ئومێدی خودا هەر نافەوتێت بەپێی بەڵگە شەرعیەکان کە لە سەرچاوە فیقهیەکاندا هاتووە.

لە بەشێکی تری روونکردنەوەکە هاتووە: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین تا دەتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.

هەروەها هاتووە: هەر کەسێک نیشانەکانی کۆرۆنای لێ دەرکەوتواجبێکی شەرعییە کە نەچێتە مزگەوت و جێگەی قەرەباڵغەکانی ترو خۆی لە تێکەڵاوی بپارێزێت و خۆی کەرەنتینە بکات.

دوا خاڵی روونکردنەوە باس لەوە دەکات: ئەگەر کەسێک نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت و ترسێکی راستەقینەی هەبێت (الخوف المحقق) لەوەی کە تووشی پەتای کۆرۆنا ببێت، دەتوانێت نەچێتە مزگەوت بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و عیبادەتەکان.