حوكمی گۆڕینه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ كردن به‌ دراوه‌كان له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فوون یان ئینترنێته‌وه

قال الله تعالی: ({فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ } (سورة النحل: 43).

الحمد لله والصلاه‌ والسلام علی سیدنا رسول الله وعلی آ‌له وصحبه والتابعین بإحسان لهم إلی یوم الدین:

دوای ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ مامۆستایانی ئاینی و موسوڵمانان  پرسیاریان كردووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌ن سه‌باره‌ت به‌ كرین وفرۆشتنی دراو له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فوون یان ئینته‌رنێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا له‌ زۆرێك له‌ بازاڕه‌كانی دراودا ده‌گوزه‌رێت، كه‌ بۆ نمونه‌ كڕیار ته‌له‌فوون بۆ نوسینگه‌یه‌كی دراو ده‌كات ده‌ڵێت: ده‌ هه‌زار دۆلار ماڵی من بێت دوای دوو ڕۆژی دیكه‌ پاره‌كه‌ی واصل ده‌كه‌م... ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌وه‌ كردمه‌ ماڵی تۆو له‌ ده‌فته‌ری خۆی له‌سه‌ر كڕیاره‌كه‌ ده‌ینوسێت.

ئینجا دوای دوو ڕۆژه‌كه‌ كڕیاره‌كه‌ ده‌چێت بۆ نوسینگه‌كه‌ ، یان هه‌ر به‌ته‌له‌فوون به‌ نوسیگه‌كه‌ ده‌ڵێت: ده‌ هه‌زار دۆلاره‌كه‌مت پێ ده‌فرۆشم، ئینجا ئه‌گه‌ر قازانجی كردبوو ئه‌وه‌ خاوه‌ن نوسینگه‌كه‌ ته‌نها قازانجه‌كه‌ی پێ ده‌دات، وه‌ ئه‌گه‌ر زه‌ره‌ری كردبوو بڕی زه‌ره‌ره‌كه‌ی لێ ده‌ستێنێت.

     وه‌ڵام:  ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ دروست نییه‌، چونكه‌ له‌ كڕینی دراو به‌ دراو پێویسته‌ كڕیارو فرۆشیار له‌ مه‌جلیسی مامه‌ڵه‌كه‌ دراوه‌كان له‌ یه‌كتری وه‌ربگرن (قبض)، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و مامه‌ڵیه‌ حه‌رام ده‌بێت.

 له‌ صه‌حیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووه‌  كه‌ به‌رائی كوڕی عازیب و زه‌یدی كڕی ئه‌رقه‌م  پرسیاریان له‌ پێَغه‌مبه‌ر كرد -صلی الله علیه وسلم- له‌ باره‌ی گۆرینه‌وه‌و فرۆشتنی پاره‌ به‌ پاره‌ ئه‌ویش فه‌رمووی: (إن كان يدا بيد فلا بأس وإن كان نساء فلا يصح) متفق علیه.

واته‌: ئه‌گه‌ر ده‌ست به‌ده‌ست پاره‌كه‌ له‌یه‌كتر وه‌رگیرا ئه‌وه‌ زه‌ره‌ری نییه‌ و دروسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌قه‌رز بوو ئه‌وه‌ دروست نییه‌و خراپه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لا ژماره‌ی حیسابیان هه‌بێت له‌ بانكه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان وله‌و كاته‌دا فرۆشیار پاره‌كه‌ی خسته‌ سه‌ر حیسابی بانكی كڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ دروسته‌، چونكه‌ گۆرینه‌وه‌و كرین وفرۆشتنی دراو له‌ ڕێگه‌ی ژماره‌ی حیسابییه‌وه‌ ڕێگه‌ پێدراوه‌و ده‌چێته‌ خانه‌ی وه‌رگرتنی(قبچ) حوكمییه‌وه‌ و زووربه‌ی دامه‌زراوه‌كانی فه‌تواش به‌دروستیان داناوه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژماره‌ی حیسابی بانكییان نه‌بێ ئه‌وه‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ دروست نییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌له‌فوون له‌ جێگه‌ی وه‌رگرتن دانانیشێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندین فێڵ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن دروست ده‌بێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌، بۆیه‌ شه‌رع ده‌ست به‌ستی(تقابچ) به‌ مه‌رج داناوه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵانه‌.

                                         (والله تعالی أعلم)

وصلی الله علی سیدنا محمد وآ‌له وصحبه والحمد لله أولا وآ‌خرا.

 

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ هه‌رێمی كوردستان

2/ژو القعده‌/1441ه = 23/6/2020م = 2/ پوشپه‌ڕ/ 2720ك

 

بۆ بینینی دەقی فەتوایەکە بە PDF لەم لینکەی خوارەوە کلیک بکەن:

http://www.zanayan.org/book_pro.php?id=213&scheme=