له‌ خشته‌بردنی نه‌خۆش له‌ لایه‌ن هه‌ندێك پزیشك و نۆرینگه‌و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و تاقیگه‌و ده‌رمانخانه‌كانه‌وه

فه‌توای تایبه‌ت به‌: ( له‌ خشته‌بردنی نه‌خۆش له‌ لایه‌ن هه‌ندێك پزیشك و نۆرینگه‌و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و تاقیگه‌و ده‌رمانخانه‌كانه‌وه‌)

قال تعالى: { فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ } (سورة النحل: 43)

الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وصحبه ومن والاه وبعد:

 

        دوای ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ هاوڵاتیان پرسیاری گازنده‌ ئامێزییان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا كرد سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانی كاری به‌شێك له‌ پزیشك و نۆرینگه‌ و ده‌رمانخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ كاری مرۆڤدۆستی و خزمه‌تگوزاری و دڵسۆزی بۆ نه‌خۆشه‌كان, بۆ كاری بازرگانی و چاوچنۆكی و له‌خشته‌بردن، به‌ شێوازێك كه‌ كه‌سی نه‌خۆش به‌ پێی پێویست و دروست خزمه‌ت ناكرێت, به‌ڵكو زۆرجار نه‌خۆشه‌كه‌ چه‌ندین جۆری تیشك یان پشكنینی گرانبه‌های بۆ ده‌نوسرێت, یان ئاراسته‌ ده‌كرێت كه‌ ته‌نها له‌ فڵانه‌ ده‌رمانخانه‌ ده‌رمانه‌كان وه‌ربگرێت, یان ته‌نها له‌ فڵان تاقیگه‌ پشكنینه‌كانی ئه‌نجام بدات، یان پێویستی به‌ هه‌ندێك ده‌رمان نییه‌ و بۆی ده‌نوسرێت, كه‌ جاری وا هه‌یه‌ – وه‌ك پسپۆڕانی ئه‌و بواره‌ له‌ توێژینه‌وه‌كانیاندا باسیان كردووه‌ – هه‌ندێك له‌ ده‌رمانه‌كان پێچه‌وانه‌ یه‌كتری كارده‌كه‌ن, و لێكه‌وته‌ وكاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت.

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌: (7 ذو الحجة‌ 1441كۆچی = ۲٨/٧/٢٠٢٠ز), پاش به‌دواداچونی كه‌یسه‌كه‌ و گوێگرتنی له‌ چه‌ندین پسپۆڕو شاهێدحاڵ, كه‌ سكاڵایان له‌ و باره‌وه‌ هه‌بووه‌: به‌ پێویستی زانی ئه‌م فه‌توایه‌ی لای خواره‌وه‌ بدات:                                                                                                                                          

1ـ هه‌ر پشكنینێك یان ده‌رمان نوسینێك به‌ پێچه‌وانه‌ی یاساكانی تایبه‌ت به‌ كاری پیرۆزی پزیشكی و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بێت: حه‌رامه‌ و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵی زیانگه‌یاندن, كه‌ هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ هۆكاری كوشتنی به‌ناحه‌ق . قورئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێت: :{مَن قَتَلَ نَفۡسَۢا بِغَیۡرِ نَفۡسٍ أَوۡ فَسَاد فِي ٱلۡأَرۡضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ ٱلنَّاسَ جَمِیعا وَمَنۡ أَحۡیَاهَا فَكَأَنَّمَاۤ أَحۡیَا ٱلنَّاسَ جَمِیعاۚ وَلَقَدۡ جَاۤءَتۡهُمۡ رُسُلُنَا بِٱلۡبَیِّنَـٰتِ ثُمَّ إِنَّ كَثِیرا مِّنۡهُم بَعۡدَ ذَ ٰلِكَ فِي ٱلۡأَرۡضِ لَمُسۡرِفُون}(سورة المائدة 32). واته‌: هه‌ركه‌سێك ڕاسته‌وخۆ كه‌سێكی بێتاوان بكوژێت, یان ناڕاسته‌وخۆ هۆكار بێت بۆ كوشتنی , یان فه‌ساد له‌ كۆمه‌ڵگادا بڵاوبكاته‌وه‌ و كاری تێكده‌رانه‌ ئه‌نجام بدات و زه‌ره‌ر بگه‌ێنێته‌ مرۆڤه‌كان ئه‌وه‌ تاوانێكی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه‌ , چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤه‌كانی كوشتبێت, چونكه‌ ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ریه‌ك مرۆڤ ده‌ستدرێژی كردنه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی كه‌ خودا خولقاندویه‌تی, به‌ پێچه‌وانه‌یشیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤێكی پاراست یان ڕزگاری كرد, چاكایه‌كی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ی كردووه‌ لای خودا , وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی زیندوو كردبێته‌وه‌ ڕزگاری كردبێت

2- هه‌ر ده‌رمانێك له‌ ئه‌ندازه‌ی زیاد له‌ پێویست بنوسرێت له‌ ڕه‌چه‌ته‌ی پزیشكیدا: تاوانه‌ و كارێكی حه‌رامه‌ و له‌سه‌ر پزیشكی موسوڵمان و مروڤدۆست پێویسته‌ خۆی لێ بپارێزێت. چونكه‌ ڕاسته‌وخۆ ئیستیغلال كردن و به‌تاڵان بردنی ماڵی موسه‌ڵمانانه‌ ئه‌مه‌ش له‌ شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلامدا حه‌رامه‌. وه‌ك قورئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێت: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُم بَيْنَكُم بِالْبَاطِلِ إِلَّا أَن تَكُونَ تِجَارَةً عَن تَرَاضٍ مِّنكُمْ) تَرَاضٍ} (سورة النساء: 29)، هةروةها ثيَغةمبةريش (صلى الله عليه وسلم) دةفةرمويَت: "لا یحل مال امرئ مسلم إلا بطیب نفس منه" (رواه الإمام أحمد فی مسنده). واته‌: " ماڵی هیچ موسوڵمانێك به‌وی دیكه‌ حه‌ڵاڵ نییه‌ مه‌گه‌ر به‌خواهیشت و له‌ دڵه‌وه‌ بیبه‌خشێت". هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی گه‌یاندنی زه‌ره‌ری جه‌سته‌یی به‌ نه‌خۆشه‌كان و به‌ پێی قاعیده‌ی شه‌رعی ئه‌و پزیشكه‌ (ضامن) و به‌رپرسیار  ده‌بێت.

3ـ-هه‌ر ده‌رمانێك له‌ ده‌رمانخانه‌كان بدرێت به‌ نه‌خۆش, به‌بێ ڕێنمایی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی پزیشكی پسپۆڕ یان یاریده‌ده‌ری پزیشكی ڕێگه‌پێدراو : ئه‌وا له‌ ڕوانگه‌ی شه‌ریعه‌ته‌وه‌ دروست نییه‌و حه‌رامه‌, هه‌روه‌ك چۆن له‌ ڕووی یاسایشه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌. چونكه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا هه‌رشتێك ببێته‌ هۆی زه‌ره‌ر گه‌یاندن به‌خود یان به‌كه‌سی به‌رامبه‌ر  ئه‌وه‌ حه‌رامه‌, وه‌ك حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌رمان ( درودی خوای له‌سه‌ر بێت ) فه‌رمویه‌تی : "لا ضرر ولا ضرار"، (رواه ابن ماجة والدار قطني وغیرهما عن ٲبي سعید الخدري (رضي الله عنه) ورواه الامام مالك في الموطٲ عن عمرو بن یحيی عن ٲبیه (رضي الله عنه) وله طرق متعددة). واته‌: "نه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زه‌ره‌ر به‌ گه‌س بگه‌ێنه‌و نه‌ كه‌سیش زه‌ره‌رت پێ‌ بگه‌ێنێت یان زه‌ره‌ر به‌ یه‌كتر بگه‌ێنن" ، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و فه‌رموده‌یه‌ش یاسایه‌كی گشتی و سه‌ره‌كی له‌ ئیسلامدا دامه‌زراوه‌ كه‌ لای زانایان به‌ تایبه‌ت شافیعییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ پێنج بنه‌ما فیقهیه‌ گه‌وره‌كان كه‌ بریتییه‌ له‌ یاساو بنه‌مای فیقهیی (الضررُ یُزالُ): واته‌:" هه‌موو جۆره‌ زه‌ره‌رو سته‌مێك پێویسته‌ ده‌مه‌و ده‌ست لاببرێت له‌سه‌ر سته‌ملێكراو زه‌ره‌ر لێدراو".

4- هه‌ر ده‌رمانێك به‌رواری به‌سه‌رچوبێت, یان له‌ كوالێتی كۆنتڕۆڵ ده‌رنه‌چوبێت , ئه‌وه‌ حه‌رامه‌ بدرێت به‌ نه‌خۆش یان مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكرێت , یان ده‌ربازی سنوره‌كان بكرێت , به‌ هه‌مان به‌ڵگه‌كانی سه‌ره‌وه‌.

5- گران كردنی نرخی پشكنین و ده‌رمانه‌كان له‌سه‌ر نه‌خۆش : كارێكی ناشه‌رعیی و قیزه‌ونه‌, به‌ڵكو پێویسته‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌نجام بدرێت و, نرخه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌و یارمه‌تیدانی هه‌ژاران بدرێت, به‌ تایبه‌ت له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ سه‌خته‌ی ئێستای كوردستاندا، ئه‌مه‌یش به‌ پێی ڕێنمایی ئایه‌تی پیرۆزی : {وَتَعَاوَنُوا۟ عَلَى ٱلۡبِرِّ وَٱلتَّقۡوَىٰۖ وَلَا تَعَاوَنُوا۟ عَلَى ٱلۡإِثۡمِ وَٱلۡعُدۡوَ انِۚ وَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَۖ إِنَّ ٱللَّهَ شَدِیدُ ٱلۡعِقَابِ}،(سورة المائدة: 2). واته‌:" پێویسته‌ به‌رده‌وام هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن له‌سه‌ر چاكه‌ و كاری باش و خوداناسی , هاوكاری یه‌ك مه‌كه‌ن له‌سه‌ر خراپه‌ و تاوان و ده‌ستدرێژی , له‌خودا بترسن و ڕێنماییه‌كانی جێبه‌جێ بكه‌ن, چونكه‌ سزای خودا له‌ پاشه‌ڕۆژدا زۆر سه‌خته‌".

6ـ  هه‌رجۆره‌ رێكه‌وتنێك له‌ نێوان پزیشك و ده‌رمانخانه‌و تاقیگه‌كاندا له‌ سه‌ر حیسابی نه‌خۆشه‌كان ئه‌نجامبدرێت كارێكی حه‌رامه‌و خواردنی ماڵی موسڵمانانه‌ به‌ تاڵان، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ش بوونی هه‌یه‌و پێویسته‌ پزیشك و ده‌رمانسازان و خاوه‌نی تاقیگه‌كان خۆیان له‌و حه‌رامه‌ بپارێزن و له‌ خودا بترسن.

7ـ هه‌ركه‌سێك پسپۆڕ نه‌بێت له‌و بواری پزیشكی و ده‌رمانسازیدا حه‌رامه‌ خۆی بكات به‌ پزیشك و ده‌رمانساز، به‌و پێیه‌یش تاوانبارو (ضامن) ده‌بێت له‌ هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كی خراپ، راسته‌وخۆ زه‌ره‌ر بگه‌ێنێت به‌ نه‌خۆشه‌كه‌ یان به‌ سیرایه‌ت، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه‌ وسلم) فه‌رمویه‌تی: « مَنْ تَطَبّب ولم يكن بالطبِّ معروفا فأصاب نفسا فما دونها، فهو ضامن» (أخرجه الدارقطني وأبو داود والنسائي وغيرهما وصحّحه الحاكم عن عمرو بن شعيب عن أبيه عن جده (رضي الله عنهم) ئه‌مه‌یش مه‌سئه‌له‌یه‌كه‌ له‌ لای تێكڕای زانایانی فیقهی ئیسلامی كۆ ده‌نگی له‌ سه‌ره‌. بڕوانه‌: الاستذكار الجامع لمذاهب فقهاء الأمصار لابن عبد البر القرطبي المالكي: (25/55)، وبلوغ المرام للحافظ العسقلاني الشافعي مع سبل السلام: (2/363). المفاتيح في شرح المصابيح لمظهر الدين الحنفي: (4/ 217).

له‌ كۆتاییدا ئه‌م خاڵانه‌ به‌ گرنگ ده‌زانین وه‌ك ئامۆژگاری و داخوازی:

یه‌كه‌م: داخوازین له‌ ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و ناوخۆ, به‌ دواداچون و لێپرسینه‌وه‌ی جدی بكه‌ن له‌و پرسه‌ گرینگه‌, كه‌ سه‌رتاسه‌ری هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی گرتۆته‌وه‌ به‌ شێوازێك له‌ شێوازه‌كان لێی زه‌ره‌رمه‌ند بوون.

دووه‌م: ئه‌ركی سه‌رشانی حوكمه‌ته‌ گرینگی ته‌واو بدات به‌ نه‌خۆشخانه‌ گشتییه‌كانی, له‌هه‌ردوو ڕووی كه‌رسته‌ و پێداویستی پزیشكی و ستافه‌كان, له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان به‌بێ جیاوازی , له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ هاوڵاتیان مه‌جبور نه‌بن به‌و لێشاوه‌ په‌نابه‌رنه‌ به‌ر نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلی و ده‌رمانخانه‌و نۆرینگه‌كانیان, له‌وێش له‌لایه‌ن هه‌ندێك نه‌فس نزم و فرسه‌توه‌رگر و چاوچنۆكه‌وه‌ له‌خشته‌ ببرێن و سته‌میان لێبكرێت. چونكه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا جیاوازییه‌كی زۆر به‌دیده‌كرێت له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا له‌ نێوان كه‌رتی حوكمه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌وه‌یش مایه‌ی دڵگرانییه‌ و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری هه‌نوكه‌یی هه‌یه‌.

سێیه‌م: داخوازین له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی گرنگی خۆیان ببینن له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م پرسه‌ و هاوشێوه‌كانی له‌ پێناو قه‌ڵاچۆكردنی ئه‌و دیارده‌ خراپانه‌ی كه‌ قه‌یرانی ماڵی و گیانی بۆ هاوڵاتیان دروستكردووه‌.

چواره‌م: ئه‌ركی په‌رله‌مانه‌ به‌ ته‌شریعكردنی یاسای تایبه‌ت به‌ ته‌جریمكردنی هه‌موو جۆره‌ ئیستیغلال و له‌خشته‌بردنێك به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌رتی پزیشكیداو ئه‌ركی حوكمه‌تیشه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی, له‌ پێناو ئاسوده‌یی خه‌ڵك و به‌رجه‌سته‌بوونی دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا و نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌دا, چونكه‌ ئه‌ویش سته‌مه‌ و سته‌میش پێویسته‌ ئه‌نجام نه‌درێت به‌ تایبه‌ت له‌ ژێر په‌رده‌ی كارێكی مرۆڤدۆستی پیرۆزی وه‌ك پزیشكیدا , خۆشه‌ویستمان (درودی خوای له‌سه‌ربێت) فه‌رمویه‌تی: " موسوڵمان برای موسوڵمانه‌, سته‌می لێناكات , خیانه‌تی لێناكات, سه‌ری ده‌خات له‌كاتی ته‌نگانه‌دا "وه‌ك ده‌فه‌رموێت : "المسلم أخو المسلم، لا يظلمه ولا يسلمه  ولا يخذله".(مُتَّفق علیه عن عبد اللَّه بن عمر (رضی الله عنهما).

پێنجه‌م: داواكاریشین له‌ هاوڵاتیان چاوكراوه‌بن و نه‌چنه‌ ژێر كاریگه‌ری چاوچنۆكانه‌وه‌ و بۆ هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی ئاسایی وساده‌ په‌نا بۆ نۆرینگه‌ و نه‌خۆشخانه‌كان نه‌به‌ن , وه‌ زیاتر خۆپارێزی بكه‌ن تا وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر.

شه‌شه‌م: ئه‌گه‌رچی له‌ ئێستادا حكومه‌ت فشاری دابه‌زاندنی نرخه‌كانی خستووه‌ته‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان، به‌ڵام هێشتا ئه‌و نرخانه‌ی كه‌ دیاری كراون له‌ توانای هاوڵاتیاندا نییه‌ و پێویسته‌ نرخه‌كان زۆر گونجاوتر بێت له‌ گه‌ڵ ئاستی ده‌رامه‌تی زۆر نزمی ئه‌مڕۆی هاونیشتیمانیانی هه‌رێمدا.

( خوای گه‌وره‌ هاوكاری دڵسۆزانه‌)

وصلی الله تعالی علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وصحبه أجمعین

 

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ كوردستان

هه‌ولێری پایته‌خت

7 ذو الحجة‌ 1441كۆچی = 28 ته‌موز ی 2020ز = 6 خه‌رمانانی 2720ك