حوكمی كڕینی كارتی مۆبایل به‌ قه‌رز و فرۆشتنه‌وه‌ی به‌ حازر به‌كه‌متر

قال تعالی: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سوره‌ النحل: 43)

الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه.

وبعد:

دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیان پرسیاریان كرد سه‌باره‌ت به‌ حوكمی كڕینی كارتی مۆبایل به‌ قه‌رز و فرۆشتنه‌وه‌ی به‌ حازر به‌پاره‌یه‌كی كه‌متر ئه‌نجومه‌ن له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌ به‌رواری 2/2/ 2021م به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌:

كارتی مۆبایل له‌ خودی خۆیدا به‌ كاڵا هه‌ژمار ده‌كرێت وناچێته‌ چوارچێوه‌ی پاره‌وه‌ بۆیه‌ حوكمی فرۆشتنی یان كڕینی سود وه‌رگرتن (بيع أو شراء المنفعة) وه‌رده‌گیرێت، بۆیه‌ زیاد و كه‌م له‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ڕه‌صیده‌ی كارته‌كه‌ له‌ خۆی گرتووه‌ دروسته‌.

 له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ی سه‌ره‌وه‌ كرین و فرۆشتنی كارتی مۆبایل به‌ كه‌متر یان زیاتر به‌ حازر یان به‌ قه‌رز دروسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كارتی مۆبایلی له‌ كه‌سێك كڕی به‌ قه‌رز نابێت به‌ حازر به‌ كه‌متر به‌ هه‌مان كه‌سی بفرۆشێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م كاره‌ له‌ لای زوربه‌ی زانایان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی (بيع العينة)وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رمان (درودی خوای لێبێت) ڕێگری لێكردووه‌ وه‌ك ده‌فه‌رموێ: (اذا تبايعتم بالعينة، وأخذتم أذناب البقر، ورضيتم بالزرع، وتركتم الجهاد، سلط الله عليكم ذلا لا ينزعه حتى ترجعوا الى دينكم). رواه أحمد وأبوداود.

بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا فرۆشتنه‌وه‌ی به‌ هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ی لێی كڕیوه‌ به‌ كارێكی ناپه‌سه‌ند ده‌زانێت و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات لێی دوور بكه‌ونه‌وه‌.

والله تعالى أعلم

وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

 

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ كوردستان

3 رجب 1442ك = 15شوباتی 2021ز = 27 ڕێبه‌ندانی 2720ك