حوكمی فرۆشتن و ده‌رخوارددانی ئالیكی پیس وه‌ك جیقنه‌ی مریشك به‌ ئاژه‌ڵان

قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43)
الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه.
           وبعد:
دوای ئه‌وه‌ی لێژنه‌ی فه‌توای لقی ڕانیه‌مان له‌ به‌رواری 14/12/2021 به‌ نوسراوی ژماره‌ (287) پرسیاری ئه‌وه‌یان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا كرد كه‌ ئایا دروسته‌ جیقنه‌ی مریشك وه‌ك ئالیك به‌كار بهێنرێت وبدرێته‌ ئاژه‌ڵ؟ و ئایا حوكمی كڕین و فرۆشتنی جیقنه‌ چییه‌؟ 
ئه‌نجومه‌ن دوای ئه‌وه‌ی ڕاوێژی كرد به‌  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێته‌رنه‌ری  هه‌ولێر به‌ نوسراوی ژماره‌ (12) له‌ به‌رواری 2/1/2022 وئه‌وانیش به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌ نوسراوی ژماره‌ (263) له‌به‌رواری 9/1/2022 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌  ئه‌نجومه‌ن له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی له‌ به‌رواری 8/2/2022  دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی بابه‌ته‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كانی شه‌ریعه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: 
سه‌باره‌ت به‌ ده‌رخواردانی جیقنه‌ وه‌ك ئالیك به‌ ئاژه‌ڵان :
یه‌كه‌م : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ وه‌ڵامی لیژنه‌ی تایبه‌تی پێكهێنراو له‌ به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی ڤێته‌رنه‌ریدا بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ هاتووه‌: (بۆی هه‌یه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی بكاته‌ سه‌ر ته‌ندرستی گشتی مرۆڤه‌كان و، كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كوالێتی گۆشتی ئاژه‌ڵ و ته‌ندروستی به‌كاربه‌ر)،  بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا پێی وایه‌ كه‌ پێویسته‌ دووركه‌ونه‌وه‌ له‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ و كرده‌وانه‌، چونكه‌ له‌ ڕووی زانستیه‌وه‌ مرۆڤه‌كان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، مه‌علومیشه‌ پاراستنی ته‌ندروستی نه‌فسی مرۆڤ له‌ شه‌ریعه‌تدا مه‌به‌ستێكی باڵای شه‌ریعه‌ته‌ و پێویسته‌ له‌ هه‌مو كارێكدا ڕچاو بكرێت، هه‌ر وه‌ك له‌ قاعیده‌ی فیقهیشدا هاتووه‌: (لاضرر ولا ضرار) وه‌ك له‌سه‌رچاوه‌كانی فیقهو قه‌واعیدی فیقهی ئیسلامیدا هاتووه‌.
دووهه‌م: ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵه‌كان بۆ خۆیان ئه‌و جیقنه‌ و فه‌زه‌ڵاته‌یان خوارد، كه‌ له‌ ده‌شت و ده‌ركه‌وتبو؛ ئه‌وا درووسته‌ مادام كاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر تام و بۆنی گۆشته‌كه‌یان ، چونكه‌ ئه‌و كات دروست نییه‌ بخورێت، مه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك ئاڵفی پاكی پێبدرێت و پاك ببێته‌وه‌، وه‌ك له‌ فه‌توای (جه‌لاله‌) دا، له‌ فه‌توای ژماره‌(29) له‌ به‌رواری 2/11/2021 ڕونمان كردووه‌ته‌وه‌.
سێهه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر خاوه‌نی كێڵگه‌ و ده‌واجینه‌كان، كه‌ ئاڵفی پاك و ته‌ندرووست بده‌ن به‌ ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌كانیان،  هه‌روه‌ها دروست نییه‌ پڕۆتین و ده‌رمانی زیاد له‌ رێگه‌پێدراو له‌ روانگه‌ی ته‌ندرووستی ڤێرتێرنه‌ریه‌وه‌ بدرێت پێیانبه‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گوناهبار ده‌بن.
سه‌باره‌ت به‌ كڕین و فرۆشتنی جیقنه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی وه‌ك په‌ینی كیمیایی(سماد) بۆ كشتوكاڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ :
له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی خۆماندا به‌ شێوه‌ی فرۆشتن (بیع) ئه‌م كاره‌ دروست نییه‌، چونكه‌ كڕین و فرۆشتنی شتی پیس دروست نییه‌ (بڕوانه‌: تحفة‌ المحتاج 4/234) به‌ڵام له‌سه‌ر شێوه‌ی ده‌ست له‌سه‌ر هه‌ڵگرتن(رفع الید) ده‌كرێت ده‌ست له‌سود وه‌رگرتنه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت به‌رامبه‌ر به‌ پاره‌یه‌ك، وه‌ك له‌ (حاشية الشيرواني على تحفة المحتاج 4/335 )دا هاتووه‌: "ويجوز نقل اليد عن النجس بالدراهم كما في النزول عن الوظائف، وطريقُه أن يقول المستحق له: أسقطت حقي من هذا بكذا فيقول الآخر قبلت" . هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌ ته‌قلید بۆ مه‌زهه‌بی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌ كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ بكرێت چونكه‌ له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌ كڕین و فرۆشتنی شتی پیس دروسته‌ ئه‌گه‌ر سودی لێوه‌رگیرا (بڕوانه‌: حاشیه‌ ابن عابدین 5 / 246، 247).
به‌ڵام كه‌ فرۆشیاره‌كه‌ دڵنیابوو له‌وه‌ی كه‌ كڕیاره‌كه‌ ده‌رخواردی ئاژه‌ڵی ده‌دات وه‌ك ئالیك ئه‌وه‌ نابێت پێی بفرۆشێت.                       
والله تعالى أعلم
وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين
      
ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا
14/ رجب/ 1443ك = 15/2/2022ز = 26/ ڕیبه‌ندان/ 2721ك