دیارده‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی (وێنه‌ و گرته‌ ڤیدۆ) له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان

قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43)
الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه. 
 وبعد:
به‌ هۆی به‌ربڵاوبوونی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و سه‌رقاڵ  بوونی خه‌ڵكێكی زۆر پێیانه‌وه‌، و ته‌شه‌نه‌كردنی چه‌ند دیارده‌یه‌كی ناشه‌رعی و ناشیرین له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌وه‌ له‌وانه‌: (بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی نه‌شیاو یان وێنه‌ی مردوو یان نه‌خۆش به‌ حاڵ و وه‌زعێكی ناڕێك یان وێنه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به‌بێ مۆڵه‌تی خۆیان )
 ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌ به‌رواری 8/2/2022  به‌ پێویستی زانی موسوڵمانان له‌م دیارده‌ ناشه‌رعی و ناشیرینه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌  بۆیه‌ ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی ڕاگه‌یاند:
یه‌كه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر وێنه‌ و گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی نه‌شیاو و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ پره‌نسیبه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و به‌ها كورده‌واری و كۆمه‌لایه‌تیه‌كان ڕێگه‌ پێدراو نیه‌. 
دووه‌م: بڵاو كردنه‌وه‌ی وێنه‌ی نه‌شیاوی مردوو وه‌ یا نه‌خۆش وه‌ یا خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به‌بێ مۆڵه‌تی خۆیان وه‌یا خانه‌واده‌كه‌یان دروست نیه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ له‌حاڵێكی ناڕیك و ناشیاودا بێت.
سێیه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆی كه‌سێك كه‌ نه‌خۆشی ده‌رونی هه‌بێت دروست نییه‌ و گوناهه‌، چونكه‌ سوكایه‌تی كردنه‌ به‌ مرۆڤ، و گاڵته‌كردن به‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت به‌پێی ده‌قی قورئانی پیرۆز كارێكی رێگری لێكراوه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فرموێت (یا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَوْمٍ عَسَى أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ) (سوره‌ الحجرات:11).

چواره‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی مردوو یان گرته‌ ڤیدۆیه‌ك به‌ مه‌به‌ستی په‌ند و ئامۆژگاری وه‌رگرتن (اعتبار) وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌ نێو سوجده‌دا وه‌فاتی كردبێت یان له‌ مزگه‌وتدا یان له‌كاتی قورئان خوێندندا، ئه‌مانه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئامۆژگاری دروسته‌ ، به‌ڵام پێویسته‌ جوان بێت و شایسته‌ بێت.
والله تعالى أعلم.
و صلى الله على سيدنا محمد و على آله و صحبه و سلم

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا
21/ رجب/ 1443ه = 22/2/2022م = 3/ ڕه‌شه‌مێ/ 2721ك