ڕونكردنه‌ویه‌ك سه‌باره‌ت به‌ قوربانیكردن له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی

قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43)
الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه. 
 وبعد:
قوربانی كردن یه‌كێكه‌ له‌ دروشمه‌ ئاینیه‌ پیرۆز و جوانه‌كان و سوننه‌تێكی گه‌وره‌ی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمانه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [وَالْبُدْنَ جَعَلْنَاهَا لَكُمْ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ لَكُمْ فِيهَا خَيْرٌ] [سورة الحج: 36] وه‌له‌ جه‌ژنی قورباندا خه‌ڵكیكی زۆر ئه‌م دروشم و شه‌عیره‌ جوان و گرینگه‌ زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ نه‌خۆشی په‌تای خوێنبه‌ربوون بڵاو بوه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا به‌ پێویستی زانی له‌به‌ر پاراستنی گیانی خه‌ڵك و ته‌ندروستیان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌مه‌به‌سته‌ باڵاكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌ پێویستی زانی ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بۆ موسڵمانان ڕابگه‌یه‌نێت:
1- ئه‌سڵ وایه‌ كه‌ ئاژه‌ڵی نه‌خۆش بۆ قوربانی ناشێت، جا چ نه‌خۆشیه‌كه‌ی به‌ ئاشكرا پێیه‌وه‌ دیاربێت، یان به‌ هۆی پشكنینه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت، وه‌ك له‌ فه‌رمووده‌ی سه‌حیحدا هاتووه‌: (والمريض البين مرضها)، رواة الترمذي، برقم: (1497)، والنسائي، برقم: (4318)، واحمد، برقم: (18675)، وغيرهم.
2- ئه‌و موسڵمانه‌ی قوربانی ده‌كات له‌سه‌ریه‌تی به‌دوای ئاژه‌ڵی ساغ و سه‌لامه‌تدا بگه‌ڕێت.
3- پێویسته‌ پابه‌ندبێت به‌ رێنمایی و رێكاره‌ ته‌ندرووستیه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ست به‌و بواره‌.
4- ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌زری كردبوو، ئاژه‌ڵێكی دیاریكراو بكاته‌ قوربانی، دواتر هه‌مان ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ نه‌خۆش كه‌وت؛ ده‌بێ بیگۆڕێ به‌ ئاژه‌ڵێكی چاكتر، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌شار و شوێنێك دیكه‌ش ده‌ستی بكه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی قوربانیه‌كه‌ی درووست بێت، هه‌م گۆشتی نه‌خۆش ده‌رخواردی موسڵمانان نه‌دات، چونكه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی زیان گه‌یاندن پێیان، كه‌ئه‌مه‌ش تاوانه‌ به‌ پێی فه‌رمووده‌ی: (لا ضرر ولا ضرار)، رواه ابن ماجة والدارقطني، عن أبي سعيد الخدري -رضي الله عنه- باسناد حسن والله تعالى أعلم.
و صلى الله على سيدنا محمد و على آله و صحبه و سلم

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا / یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان
                         29/6/2022