خانه‌قین: ناوچه‌ی یه‌كێتی زانایان له‌گه‌ڵ زانایانی ئاینی سنوره‌كه‌یدا كۆده‌بێته‌وه‌‌و له‌ رێوڕه‌سمێكدا كۆتایی به‌خولێكی فێربونی قورئانی پیرۆز هێنا

دانا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین – گه‌رمیان :

له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ زانایانی ئاینی پێشنوێژو وتارخوێنی مزگه‌وته‌كانی سنوری قه‌زای خانه‌قین سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌رواری 15/7/2012 ناوچه‌ی خانه‌قینی سه‌ربه‌لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز ده‌ست پێ ده‌كات.

 

ئه‌مه‌و سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێ كرد، پاشان به‌رێز مامۆستا مه‌لا نجم عبدالله الیاس به‌رپرسی ناوچه‌ی خانه‌قینی یه‌كێتی زانایان له‌ وته‌یه‌كدا پیرۆزبایی هاتنی مانگی ره‌مه‌زانی له‌ مامۆستایان و موسوڵمانانی قه‌زای خانه‌قین كردو، پاشان داوای له‌مامۆستایان كرد كه‌ پابه‌ندی رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌مانگی ره‌مه‌زان بن و، پابه‌ندی و ئیلتزامی ته‌واو به‌ده‌وامه‌وه‌ بكه‌ن و، هه‌وڵبده‌ن به‌ده‌م قه‌ره‌باڵغی مانگی ره‌مه‌زانه‌وه‌ بچن و، له‌ ئاست پێویستی موسوڵمانان و زیندوكردنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زاندا بن.

 

پاشان گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل كراو پێشنیارو بۆچونه‌كان خرانه‌ روو بۆ زیاتر سه‌رخستنی پلانی ئاینی ره‌مه‌زانداو، له‌كۆتایشدا په‌یامی پیرۆزبایی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایان تایبه‌ت به‌هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی 1433 به‌سه‌ر مامۆستایانی ئاینی به‌شداربووی كۆبونه‌وه‌كه‌دا دابه‌شكرا .

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و، پاش ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوو، ناوچه‌ی خانه‌قینی سه‌ربه ‌لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان خولێكی فێربوون و له‌به‌ركردنی قوڕئانی پیرۆزی بۆ كچانی شاری خانه‌قینی خۆشه‌ویست كردبووه‌وه‌، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌رواری 16/7/2012 له‌ ئاهه‌نگێكی شایسته‌دا كۆتایی به‌و خوله‌ هێنا.

 

ئه‌مه‌و له‌و مه‌راسیمه‌دا مامۆستا نه‌جم عه‌بدوڵا به‌رپرسی ناوچه‌ی خانه‌قینی یه‌كێتی زانایان پیرۆزبایی له‌ فێرخوازانی خوله‌كه‌ كردو، هیوای سه‌ركه‌وتن‌و به‌رده‌وامی بۆ خواستن و داوای لێ كردن به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر خۆپه‌روه‌رده‌ كردن به‌به‌رنامه‌ی راست و دروستی ئیسلامه‌تی، هه‌روه‌ها سوپاس و ده‌ستخۆشانه‌ی ئاراسته‌ی مامۆستایان و وانه‌بێژانی خوله‌كه‌ كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی مانگی رابردوودا توانیان له‌خۆبوردوانه‌ ئه‌رك و ماندوبونی خۆیان له‌گه‌ڵَ كچانی فێرخوازی قورئانی پیرۆزی له‌شاری خانه‌قین بكێشن.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، به‌ڕێزیان كردنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی ئه‌و جۆره‌ خولانه‌ی به‌مایه‌ی سه‌ربه‌رزی و سه‌ركه‌وتن زانی بۆ هه‌موو لایه‌ك و، هیوای به‌رده‌وامی بۆ خواستن‌و، له‌كۆتاییشدا به‌دابه‌شكدرنی دیاری و شیرینی كۆتایی به‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ هات .