سەرۆكی یەكێتی زانایان: پێویستە ئەم پەیمانگایانە ببنە شوێنێكی مەزنی عیلمی‌و ئەخلاقی و پێگەیاندنی نەوەیەكی ئاینپەروەر و نیشتمان پەروەر

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كارو باری ئایینی له‌ ژێر ناونیشانی یه‌كه‌م كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یمانگای زانسته‌ ئیسلامیه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئیسلامی له‌ ژێر دروشمی (په‌ره‌پێدانی په‌یمانگانی زانسته‌ ئیسلامیه‌كان هه‌نگاوێكی بنیات نه‌ره‌ له‌ رێگای چاكسازی پێشكه‌وتنی كوردستان) بەست، تێیدا چەندین وتار خوێندرانەوە، لە ناویاندا مامۆستا مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد‌و، بەستنی ئەم كۆنفرانسەی بە زەروورەتێكی ئەم قۆناغە زانی.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیە:

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

(يرفع الله الذين أمنوا منكم والذين أوتوا العلم درجات)

 

سەرەتا بەناوی خۆم‌و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەستخۆشییەكی گەرمتان لێدەكەین، بۆ هەڵستانتان بەم كارە مەزن‌و پیرۆزە، بەو ئومێدەی كەوا ئەم كۆنفرانسە لە ئاست خواستی داواكراو بیت‌و، گۆڕانگارییەكی جەوهەری‌و بنەڕەتی بە شێوازی خوێندنی ئاینی پەیماناگان بنێت، كە لە ئاست پێداویستییەكانی ئەم سەردەمە بێت.

 

بەڕێزان: بەستنی ئەم كۆنفرانسەكە زەروورەتێكی پێویست بوو، چونكە قۆناغی ئێستای كوردستان‌و رابوونی ئیسلامی پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی گرنگ هەیە، بۆ ئەوەی بتواندرێت گوتار‌و وتاری ئایینی لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمایەكی تۆكمە دابمەزرێت، كە پەرە بە ئاستی زانستی قوتابیان بدات، بەشێوەیەك ئەوانەی لەم پەیمانگایانە دەردەچن، هیچ نەبێت تا ئاستێكی باش پڕ چەك بكرێن، لە رووی زانستی‌و زانیاری‌و علومە شەرعییەكان، بۆ ئەوەی كاتێك دەردەچن بتوانن، هاووڵاتیان لەسەر گیانی ئیسلامپەروەری‌و مرۆڤدۆستی‌و خۆشەویستی‌و یەكتر قبوڵكردن‌و سۆز‌و بەزەیی‌و تەساموح رابهێنن، كە لە سایەیدا تاكی كورد لە وتاری هەینییەوە ببێتە كەسێكی بنیاتنەر‌و ئیجابی‌و، هەمیشە ئومێد لە ناخیدا گەشە بكات.

 

بەتایبەتی لە دونیای ئەمڕۆدا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە خیتابێكی ئیسلامی جوان هەیە، چونكە لەگەڵ كرانەوەی دونیادا چەندەها گرووپگەلی دینی‌و نا دینی دروست دەبن، ئەگەر لە شێوازی شارەزاكردن‌و رێنماییكردنیان، وریا‌و لێهاتوو‌و شارەزا نەبین، تووشی نەگبەتی‌و شكستی گەورە دەبین، كە هەموومان تێیدا زەرەرمەند دەبین.

 

ئەو بەرەوپێشبردنەش، دەبێ‌ هەر لە ژمارەی ساڵەكانی خوێندن‌و مەرجەكانی وەرگرتنی قوتابیان ‌و مامۆستای وانەبێژ‌و پڕۆگرامی خوێندن‌و شێوازی تاقیكردنەوە‌و دەرفەتی دامەزراندن هەموویان بگرێتەوە.

 

بۆیە دووبارە دەستخۆشی لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئێمەش وەك یەكێتی زانایان چۆن لەو چەند ساڵەی رابردوو هەمیشە هاوكار‌و پشتیوانی پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف بووینە، لە داهاتووشدا بە هەمان رۆح‌و نەفەس باشترین هەماهەنگی‌و هاریكاریمان دەبێت، و هیوامان وایە كەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جدی بهاوێژیت بۆ بەرەوە پێش بردنی ئەم پەیمانگایانە و دامەزراندنی دەرچووەكان و باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی زانیانی ئاینی كوردستان كە لەم كۆنفراسە بەدەرفەتی دەزانم  بەناوی سەرجەم زانایانی كوردستان داوا لە رێزدار جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم بە بەخشینی دەرمالە (مخصصاتێكی ) مانگانەی  شایستە بۆ سەرجەم پێش نوێژ و وتارخوێنانی كوردستان چونكە بە حەقیقەت ئەو مووچەیەی ئیمرۆ دەدرێت بە زانایانی ئاینی لە ئاستی پێداویستیەكانی رۆژانەی ژیانی زانایانی ئاینی كوردستان نیە .

 

بە ئومێدی ئەوەی ئەم پەیمانگایانە ببنە شوێنێكی مەزنی عیلمی‌و ئەخلاقی و پێگەیاندنی نەوەیەكی ئاینپەروەر و نیشتمان پەروەر  بۆ پتەو تر كردنی گیانی برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لە نیو پێكهاتە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان.

 

لەو بۆنەشەوە وەك وەفایەك زۆر بە پێویستی دەزانم یادی مامۆستا مەلا عبد الكریمی كودەریس لە بیر نەكەین، چونكە كردنەوەی قوتابخانە‌و پەیمانگا ئیسلامییەكان لەسەر پێشنیاز‌و داخوازی ئەو بوو.

 

هەروەك دەبێ‌ رۆڵی مەزن‌و گەورەی حوجرەكانی كوردستانیش لە بیر نەكەین، چونكە هەرچی خوێندنی ئیسلامی هەیە، بناغەكەی لەوێوە دەست پێدەكات‌و، سەرەتای خوێندن لەوێ‌ بووە.