شاندێكی لقی گه‌رمیان به‌ جیا له‌ ناحیه‌ی ڕزگاری سه‌ردانی مزگه‌وتی ئاسوده‌ ده‌كات‌و له‌ كه‌لاریش سه‌ردانی یه‌كێتی مامۆستایان ده‌كات

 

دانا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین – گه‌رمیان :

به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی مزگه‌وته‌كان و، دواندنی نوێژخوێنان و ئه‌هلی مزگه‌وت، سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌، شاندێكی فراوانی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و به‌رپرسی لقی گه‌رمیان و، به‌هاوڕێیه‌تی مامۆستا سه‌لام تاوگۆزی جێگری لێپرسراوی لق و، كارگێڕانی لق و، كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ مامۆستایانی ئاینی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگه‌وته‌كانی كه‌لارو ڕزگاری، سه‌ردانی مزگه‌وتی ئاسووده‌ی ناحیه‌ی ڕزگاری سه‌ربه‌قه‌زای كه‌لاریان كرد.

 

ئه‌مه‌و پاش ئه‌نجامدانی نوێژی عه‌سر له‌گه‌ڵ ئه‌هلی مزگه‌وت، به‌ڕێز به‌رپرسی لقی گه‌رمیان له‌ وته‌یه‌كدا باسی له‌ پیرۆزی و ڕۆڵی مزگه‌وت كرد و، به‌زه‌روره‌تی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری وه‌سف كردو، پیرۆزبایی بنیادنانی مزگه‌وته‌كه‌ی لێ‌ كردن و، داوای لێ‌ كردن كه‌ به‌گیانی برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و ڕێزله‌یه‌كتری گرتنه‌وه‌ نوێژو په‌رستشه‌كانیانی تیا ئه‌نجام بده‌ن و، له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ به‌ڵێنی به‌ دانیشتوانی نزیكی مزگه‌وته‌كه‌دا، كه‌ پشت به‌خوا له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی شارو ئه‌وقافدا هه‌وڵی جدی خۆیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزدا مزگه‌وته‌كه‌ به‌ فه‌رمی وه‌ربگیرێت و بكرێته‌وه‌ به‌ڕووی موسوڵمانانی ناحیه‌كه‌دا و، مامۆستای پێشنوێژو وتارخوێنی بۆ دابنرێت، هه‌روه‌كو  داوای له‌ ئاماده‌بوانش كرد كه‌ ڕێزی ئه‌و مامۆستایه‌ بگرن كه‌ دێته‌ مزگه‌وته‌كه‌یان و خزمه‌تی ته‌واوی بكه‌ن.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا دانیشتوان‌و نوێژ خوێنانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ خۆشحاڵی خۆیان بۆ سه‌ردانی شاندی فراوانی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایان ده‌ربڕی.

 

شایه‌نی باسه‌: مزگه‌وتی ئاسوده‌ مزگه‌وتێكی نوێ یه‌و، له‌سه‌رئه‌ركی خێرخوازان له‌ ناحیه‌ی ئه‌نفالنشینی ڕزگاری گه‌رمیان به‌ دیزان و نه‌خشه‌یه‌كی نوێوه‌ بنیات نراوه‌.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌رواری 16/7/2012 شاندێكی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و به‌رپرسی لقی گه‌رمیان و، مامۆستا مه‌لا ئیدریس ژاڵه‌یی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی لق و، مامۆستا مه‌لا محمد نجم الدین صابر كارگێڕی ناوچه‌ی كه‌لاری سه‌ر به‌لق، سه‌ردانی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانیان كردو، له‌لایه‌ن به‌رپرس و جێگرو كارگێڕانی لقه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازی كران.

 

له‌ دانیشتنێكدا، سه‌ره‌تا به‌ڕێز مامۆستا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری وته‌و په‌یامی پیرۆزبایی لقه‌كه‌ی و یه‌كێتی زانایانی ئاراسته‌ی ستافی لقی مامۆستایان كرد، به‌بۆنه‌ی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و كۆنفراسی لقه‌كه‌یان و، هیوای خواست كه‌ له‌داهاتوودا بتوانن خزمه‌ت به‌چینی مامۆستایان بكه‌ن و، فاكته‌رێك بن بۆ به‌هێزكردنی ڕه‌وشی په‌روه‌رده‌ له‌هه‌رێمی كوردستان.

 

له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌ڕێز مامۆستا ئازاد به‌رپرسی نوێی لقی مامۆستایانی گه‌رمیان، خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانی شاندی زانایانی ئاینی ده‌ربری و، له‌كۆتایشدا هه‌ردوولا به‌ڵێنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان دووپاتكرده‌وه‌ .