یەكێتی زانایان داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات رێگیری لە پاكتاوی رەگەزی دژی موسڵمانانی بۆرما بكه ن

 

 

لە نامەیەكیاندا، كە ئاراستەی نووسینگەی هەولێری نەتەوە یەكگرتووەكانیان كردووە: یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان داوا دەكات، ئەنجومەنی ئاسایش تەدەخولی پاكتاوی رەگەزی دژی موسڵمانان لە بۆرما بكات.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی نامەكەیە:

  

 

بۆ/ نووسینگەی هەولێری نەتەوە یەكگرتووەكان

بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

 (مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا)

وێڕای سڵاو‌و رێزمان:

ماوەیەكە لە وڵاتی بۆرما موسڵمانانی ئەم وڵاتە كەوتوونەتە بەر دڕندانەترین شێوازی كوشتن‌و دەركردن‌و سووتاندن‌و چەوساندنەوە، كە لە مێژوودا ئەم حاڵەتانە دەگمەنن، كە روویاندا بێت، بگرە كارەكە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بووەتە پاكتاوی رەگەزی‌و، لە ژێر پاساوی بێ‌ مانا پیاو‌و ‌وافرەت‌و منداڵ‌و پیر‌و گەنج‌و هەموو لایەك دەچەوسێندرێنەوە‌و، روو بە رووی پاكتاوی رەگەزی دەبنەوە.

ئەوەی مایەی شەرمەزارییە وڵاتانی دونیا‌و ئەنجومەنی ئاسایش‌و نەتەوە یەكگرتووەكان هیچ هەڵوێستییان نییە، لە كاتێكدا ئەوەی لەم وڵاتە دەرهەقی موسڵمانان روو دەدات، زۆر  گەورەترە لەوەی لە هەر ولاتێكی دیكە روو دەدات، بەم كارانەش هەموو چەمكەكانی (مافی مرۆڤ‌و ئاشتی جیهانی‌و پێكەوەژیان) كەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە.

بۆیە بەناوی تەواوی زانایانی ئایینی ئیسلامی هەرێمی كوردستان، ئیدانەی ئەم كارە وەحشیگەرانە دەكەین‌و، هەروەها ئەو بێدەنگی‌و بێ هەڵوێستی دام‌و دەزگا نێو دەوڵەتییەكان شەرمەزار دەكەین، ئەم بێدەنگبوونەش دەبێتە مایەی خەجاڵەتی‌و شەرمەزاری‌و مێژوو هەمووی تۆمار دەكات.

لێرەشەوە لە رێگەی نووسینگەی بەڕێزتانەوە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین، تەدەخولی ئەم كارەساتانە بكەن، چونكە بێدەنگبوون لەم رووداوانە، رۆحی ئینتیقام‌و شەڕ‌و رق‌و كینە پەرە پێ دەدات‌و، دەبێتە گڵۆپێكی سەوزیش بۆ هەموو دیكتاتۆرەكانی دونیا.

بە پێچەوانەوەی رێگیریكردن لەم كارەساتانە رۆحی برایەتی‌و خۆشەویستی‌و پێكەوەژیانی ئایینی‌و مەزەبی‌و قەومی قوڵتر دەكات.

 

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

17/7/2012

هەولێر/ هەرێمی كوردستانی عێراق