سەرۆكی پەرلەمان سەردانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەكات

سەعات 11:30 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 17/7/2012د. ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی  ئیسلامی كردو لەلایەن سەرۆك و ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی پێشوازی لێكرا.

 

 لەدیدارێكدا كە ژمارەیەك لەراوێژكارانی سەرۆكی پەرلەمان ئامادەیبوون، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لەمێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەرز نرخاند و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بەوەی كە ئەم بژاردەیە لەزانایانی ئایینی ئیسلام و یەكێتیەكەیان پارێزەری ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لێبووردەیی ناو كۆمەڵگان.

 

پاشان باس لەو هێرشە ناڕەوایانە كرا كە دەكرێتە سەر موسولمانانی بۆرماو سەرۆكی پەرلەمان ئیدانەی ئەو هێرشانەی كردوو رایگەیاند: داوا دەكەین ئەو زوڵمە رابگیری‌و، گووتی: هیچ پاساوێك بۆ ئەم كارە دڕندانەیە نییە، كە دەرهەقی موسڵمانانی ئەم وڵاتە دەكرێت.

 

 لەتەوەرێكی تردا باس لەپیرۆزی مانگی رەمەزان كرا كە چەند رۆژێكی تر دەبێتەوە میوانی موسولمانان و  هەردوولا تەئكیدیان لەسەر رێزگرتن لەومانگە پیرۆزە كردووە لەچوارچێوەی یاساو رێنماییەكان و بەها پیرۆزەكان.

 

هەرلەمیانی دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمان داوای كرد كە هەوڵ بدرێت زیاتر لێبووردەبین لەگەڵ ئایینەكانو  رێزی زیاتریان لێ بگیرێت و دڵنیاشی كردنەوە كە پەرلەمان پشتیوان و هاوكاریان دەبێت.

 

پاشان مامۆستا عبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بەناوی سەرجەم ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و یەكێتیەكەیان سوپاسی ئەو سەردانەی سەرۆكی پەرلەمانی كردوو رایگەیاند: ئەم سەردانە رێزلێنانێكی گەورەیە بۆ ئێمەو  خۆشحای خۆشی دەربڕی كە پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی ئەو كوشتارەی بۆرما دەكات و لای خۆشیەوە تەئكیدی لە سەر برایەتی و تەبایی نێوان نەتەوەو ئایینە جیاجیاكان كردەوە .

 

دواتر بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی مامۆستایانی ئایینی هەیانە، سەرۆكی یەكێتی زانایان چەند پێشنیارێكی خستەبەردەم سەرۆكی پەرلەمان، بەتایبەتی لە زیادكردنی مووچەی مامۆستایانی ئایینی، كە لە زۆربەی چین‌و توێژەكان بێبەشترن، سەرۆكی پەرلەمانیش پشتیوانی تەواوی پێشنیارەكانی كردن‌و، گووتی: هەندێك شتمان لە پەرلەمان كرد، دواتریش كردوومانەتە تەوسییە بۆ حكومەت، بەدواداچوونی زیاتریشی بۆ دەكەین.

 

 لەكۆتایی دیدارەكەشدا سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان پشتیوانی تەواوی خۆیان  بۆ پەرلەمان و ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.