لە ‌كه‌لارو پشدەر: یه‌كێتی زانایان له‌گه‌ڵ زانایانی ئاینی وتاربێژدا كۆ ده‌بێته‌وه‌

 

 


دانا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین – گه‌رمیان :

سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێ شه‌ممه‌ به‌رواری 17/7/2012 و له‌مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كه‌لار به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و به‌رپرسی لقی گه‌رمیان و ئاماده‌بونی جێگرو كارگێرانی لق ، لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان له‌گه‌ڵ زانایانی ئاینی ووتاربێژی سنوری كه‌لارو رزگاری و باوه‌نورو گرده‌گۆزینه‌و به‌شێك له‌گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر كۆبویه‌وه‌.

 

سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێ كردو پاشان به‌پرسی لق سوپاسی ئاماده‌بونی زانایانی ئاینی كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن و داوای لێ كردن كه‌ هه‌میشه‌ پێشه‌نگی و سه‌روه‌رێتی خۆیان بپارێزن له‌ نێوكۆمه‌ڵگادا پاشان و به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز لێپرسراوی لقی گه‌رمیان چه‌ند خاڵێكی بۆ ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ خسته‌ روو تیایدا داوای له‌ مامۆستایانی ئاینی كرد كه‌  برایه‌تی و ته‌بایی و گیانی هاوكاری  نێوانیان بپارێزن و هه‌میشه‌ له‌خۆشی و ناخۆشیه‌كانی یه‌كتردا به‌شداربن . هه‌روه‌ها باسی له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی لقه‌كه‌ی كرد بۆ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزو داوای له‌ مامۆستایانی ئاینی كرد پابه‌ندی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بن له‌ پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان و زیندوكردنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زان و هه‌روه‌كو داوای له‌ مامۆستایانی ئاینی كرد كه‌ پابه‌ندی كاته‌كانی بانگ بن به‌تایبه‌ت له‌ مانگی ره‌مه‌زانداو ره‌چاوی یه‌ك بانگی بكه‌ن له‌شاره‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی موسوڵمانان دوچاری قه‌له‌قی و دڵه‌ راوكێ نه‌بن و له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی زانایان داوای له‌ زانایانی ئاینی كرد كه‌ پابه‌ندی فه‌تواكانی لێژنه‌ی باڵای فه‌تواو لێژنه‌ فه‌رعی یه‌كانی بن له‌ هه‌رێمی كوردستان و لێژنه‌ی باڵای فه‌توای یه‌كێتی  زانایان به‌ مه‌رجه‌عی كۆتایی خۆیان بزانن ن هه‌رله‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ گرنگی دان به‌وشیاری ئاینی كرا له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ و داواكرا كه‌ زۆرترین و پرترین هۆشیاری له‌ كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كانی سنوره‌كه‌وه‌ بڵاو بكرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایانی ئاینی یه‌وه‌ هه‌روه‌كو داواكرا له‌ زانایانی ئاینی كه‌ خۆیان نه‌گوشێرن له‌ هیچ كه‌ناڵ و ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بۆ ووتارو ئامۆژگاری ئاینی له‌ سنوره‌كه‌دا.

 

دواتر به‌رێز مامۆستا مه‌لا ئیدریس ژاڵه‌یی به‌نوێنه‌رایه‌تی و وه‌كاله‌تی به‌رێز سه‌لاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ ووته‌یه‌كدا ئاماده‌یی سه‌رپه‌رشتیارو ئیداره‌ی گه‌رمیانی به‌ ئاماده‌بوان راگه‌یاند له‌ هه‌رپێویستی و كارو بارێكدا.

 

پاشان و له‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ده‌رگاری پێشنیارو گفتوگۆ به‌روی ئاماده‌بواندا كرایه‌وه‌و به‌شداربوانیش به‌ فراوانی سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاره‌كانی خۆیان خسته‌ روو و به‌وردی تاوتوێ كراو دواتر هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر پابه‌ندبونیان به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌ربری .

دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش په‌یامی پیرۆزبایی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز به‌سه‌ر به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا دابه‌شكرا

 

 

هەر بۆهەمان مەبەست لقی پشدەری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە رۆژی (11/7/2012) لەگەڵ ئیمام‌و خەتیبەكانی سنوورەكەی كۆبووەوە، تێیدا داوای كرد كاتی بانگەكان یەك بخرێت‌و، هەوڵ بدرێت بە جوانترین شێوە خزمەتی مزگەوت‌و موسڵمانان بكرێت، بۆ ئەوەی مانگی رەمەزان بە كاتێكی پڕ عیبادەت‌و خواپەرستی بەسەر ببەن.