كونسولی فەلەستین پیرۆزبایی مانگی رەمەزان لە خەڵكی كوردستان دەكات

بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز كونسولی گشتی فەلەستین لە هەرێمی كوردستان بەڕێز نەزمی حزوری، نامەیەكی پیرۆزبایی ئاراستەی مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كردووە، تێیدا بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵكی كوردستان بە گشتی‌و زانا‌و مامۆستایانی ئایینی بەتایبەتی دەكات، دەخوازێت، ئەم مانگە بە خێر‌و خۆشی‌و بەرەكەت‌و پیرۆزیی بگەڕێتەوە بۆ سەرجەم موسڵمانانی جیهان.

هەر لە نامەكەدا لە خوای پەروەردیگار دەخوازێت لەم مانگە پیرۆزەدا نزا‌و پارانەوەیان گیراو بێت بە هاتنەدی ئاواتی نیشتیمانی گەلی فەلەستینی، بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی، كە قودس پایتەختی یەكجارەكی بێت.

لە كۆتاییشدا تەئكید دەكاتەوە، كە مانگی رەمەزان مانگی خۆشەویستی‌و هەماهەنگی‌و لێبووردن‌و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانە‌و ستەملێكراوان‌و دەستگرتنی بێ دەسەڵات‌و هەژارانە‌و هەموو ماناكانی مرۆڤایەتییە.