حزبی شیوعی كوردستان: ئێمە دژایەتی ئایینی ئيسلام ناكەین


دوێنێ‌ چوارشەمە (18/7/2012) ئەحمەد شێروانی بەرپەرسی لقی هەولێر‌و ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، شاندێكی حزبی شیوعی كوردستان سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد.

لە دیدارێكدا كە مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و چەند ئەندامێكی مەكتەبی تەنفیزی ئامادەی بوون، بەرپرسی لقی هەولێری حزبی شیوعی گووتی: ئێمە بۆ ئەوە هاتووین تا بۆتان روون بكەینەوە، راستە ئێمە حزبی شیوعین‌و پەیڕەو‌و پڕۆگرامی ئێمەش روونە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئێمە دژی ئایینی ئیسلام‌و هیچ ئایینێك نینە‌و، رۆژێك لە رۆژانیش ئامادە نین دژایەتی بكەین‌و، هەر ئەندامێكی ئێمەش، ئەگەر هەڵەیەكی وا بكات لێیان قبوڵ ناكەین، بە پێچەوانەوە ئێمە رێز لە هەستی موسڵمانان دەگرین، بۆیە پێمان خۆش بوو ئەم راستییە روونب كەینەوە، كە ئێمە لە دانیشتنەكانی خۆشمان تەئكید دەكەینەوە، كە رێز لە هەستی دینداری نەتەوەكەمان بگرین.

لە درێژەی قسەكانیدا گووتی: بۆیە ئێمە داوا لە مامۆستایانی ئایینی‌و موسڵمانانی كوردستان دەكەین، كە كەسێك بۆچوونێكی هەیە، ئەگەر قسەیەكی ناشیرین‌و بێ رێز بكات، كە بە ئەندامی ئێمە نییە، لەسەر ئێمەی حسێب مەكەن، ئەگەر ئەندامی ئێمەش بوو، ئەوە ئاگادارمان بكەنەوە، ئامادەین هەمووئ یجرائاتێك بكەین.

مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، تەئكیدی لەسەر رۆحی برایەتی‌و خۆشەویستی‌و هەماهەنگی كردەوە، چونكە كۆمەڵگە هەمیشە بە رێزلێكگرتن‌و گیانی تەسامووحەوە جوانە‌و، پێویستە هەموو لایەك لە ئاست گەورەیی ئەم ولاتە بن.

روونیشی كردەوە مامۆستایانی ئایینی لە هەموو كەسێك دوورترن لەوەی تاوانی كەسێك بخەنە پاڵ كەسێك یان لایەنێكی دیكە‌و، ئەم جۆرە كارانە بە گوناه دەزانن.