پێشنویوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەمە 23/7/2012 بەڕێز شێروان حەیدەری وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پیرۆزبایی مانگی رەمەزانی پیرۆز، سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانی كرد. لەسەرەتای دانیشتنەكەدا مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بەخێرهاتنێكی گەرمی وەزیری دادی كردون پیرۆزبایی مانگی رەمەزانی لە هەموو موسڵمانان كردو، سوپاسێكی گەرمی وەزیری دادی كرد بۆ ئەم بەسەركردنەوەیەو، هەروەها سوپاسی بەڕێزییانی كرد، لەسەر ئەوەی كۆمەڵێك هەڵوێستی ئیجابی جوانی هەبووە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی ئایینی. پاشان چەند تەوەرێك قسەو باسیان لێوە كرا، بەتایبەتی مەسەلەی چۆنیەتی رێكخستنی فەتواو لایەنی یاسایی، چونكە خەڵك پێویستی بەوە هەیە هەمیشە لایەنی شەرعییان بۆ روونبكرێتەوە. وەزیری داد پشتیوانی لە قسەكان كردو، گووتی: من كە لە نزیكەوەم ئێستا دەزانم چەندە پێویستە ئەم لایەنە كاری لەسەر بكرێت، بۆیە وەكو وەزارەتی داد هەموو پشتیوانییەكی ئەم بیرۆكەیە دەكەمو، بەرنامەیەكی هاوبەشیشیان قسە لێوە كرد، بۆ ئەوەی ئیش لەسەر ئەم لایەنە بكەن. پاشان قسە لەسەر ئەوە كرا، كە پڕۆژە یاسای مەئزونی شەرعی، زۆر پێویستو گرنگ بوو، بە هیچ شێوەیەكیش بۆ ئەوە نەبوو، بكرێتە بەدیلی یاساو دادگا، بۆیە زۆر گرنگە كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە بكرێت، لەو بارەوەش وەزیری داد روونی كردەوە، ئەم پرَۆژەیە چڕتر كاری لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا، بتواندرێت كاری باشتری لەسەر بكرێتو، پێش قسە لەسەر كردنی روونكردنەوەی باشی لەسەر بدرێت. جێی باسە لە دانیشتنەكەدا هەر یەك لە مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانو مەلا محەمەد وەرتیو مەلا جەعفەر گوانی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان ئامادە بوون. |