یەكێتی زانایان پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە دەكات

بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

(وَمَا لَكُمْ لَا تُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَالْمُسْتَضْعَفِينَ مِنَ الرِّجَالِ وَالنِّسَاءِ وَالْوِلْدَانِ الَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا أَخْرِجْنَا مِنْ هَذِهِ الْقَرْيَةِ الظَّالِمِ أَهْلُهَا وَاجْعَلْ لَنَا مِنْ لَدُنْكَ وَلِيًّا وَاجْعَلْ لَنَا مِنْ لَدُنْكَ نَصِيرًا)

بەداخەوە، پاش ئەوەی بۆ چەندەها ساڵ قوربانی‌و خەباتی بەردەوامی گەلی كورد لە دژی دەسەلاتە دیكتاتۆرە یەك لە دوایەكەكانی عێراق، بۆ یەكەمجار خەریكە پشوێكی درێژ وەربگرین‌و، كوردیش وەك هەر مرۆڤێكی دیكەی ئەم سەرزەمینە هەناسەی ئازادی هەڵدەمژێت، بەڵام ماوە ماوە گوێبیست دەبین لە هێنانی هێز‌و بڵاوەپێكردنی لە ناوچە كوردییەكان یان لەو شوێنانەی كێشە بۆ دروستكراون، بەمەش جارێكی دیكە مەسەلەی ستەم‌و زوڵم‌و قەتل‌و عام بە بیر كورددان دێننەوە‌و، خەڵكی كوردستان هەمان ترسی بۆ دروست دەبێتەوە.

ئێمە وەك زانایانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، وێڕای ئەوەی هەمیشە جەغت لەسەر گیانی ئاشتی‌و تەبایی‌و برایەتی‌و پێكەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەكەینەوە‌و، دژی هەر فیتنە‌و ئاژاوەیەكین، كە لە هەر شوێنێكی سەر زەمین روو بدات، بەڵام دیفاعكردن لە خاك‌و وڵات‌و نیشتیمان‌و هاوولاتیان‌و، پاراستنی ئەزموونی هەزارەها قوربانی بۆ دراو، بە ئەركی هەر تاكێكی ئەم كوردستانە دەزانین.

لەم سۆنگەیەوە، ئیدانەی ئەەم هەوڵانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین بۆ هێنانی هێز بۆ ناوچە كێشە بۆ دروستكراوەكان‌و، پشتیوانی تەواوی خۆشمان بۆ پێشمەرگەكانی كوردستان دەردەبڕین‌و، لە بەرەنگاربوونەوەی هەر زوڵم‌و ستەم‌و دەستدرێژییەك، كە روو بە رووی وڵاتمان ببێتەوە، ئەمەش ئەركێكی ئایینی‌و نیشتیمانی‌و مرۆییە.

 

هیوادارین هیچ كاتێك كارەكە نەگاتە ئەم ئاستە‌و، كەسانی ئاقڵ رێگە نەدەن، هیچ كاتێك كەسە شەڕ دۆستەكان ببنە بڕیار بە دەست‌و، هەر زوو دەستی زوڵم‌و ستەم ببڕن.

هەر ئەم بۆنەیەش بە دەرفەت دەزانین، تا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بكەین، كە هەمیشە ئاوڕی جددی لە پێشمەرگە بدەنەوە‌و، ژیان‌و گوزەرانیان بە چاكترین شێوە دابین بكەن.

بەڵێ‌ بۆ ئاشتی.. نا بۆ شەڕ... نا بۆ زوڵم‌و ستەم... بەڵێ‌ بۆ عەدالەت‌و دادپەروەری‌و پاراستنی سەروەری.

 

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

1/8/2012