بۆ پشتیوانی گەلی بۆرما‌و سوریا... بە بەشداری لقی هەولێری یەكێتی زانایان كۆمەڵێك لە زانایانی شاری هەولێر گردبوونەوەیەك لە بەردەم ئۆفیسی هەولێری (UN) ئەنجام دەدەن

 

كاتژمێر (10)ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە (8/8/2012) وەفدێكی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بەشداری كرد، لە گردبوونەوەیەك، كە بەناوی دەستەیەك لە زانایانی ئایینی شاری هەولێر لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامیاندا.

 لەو بارەوە شێخ نیاز راغب دێگەیی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان لە لێدوانێكی تایبەت بە سایتی زانایان گووتی: ئەمڕۆ وەكو لقی هەولێری یەكێتی زانایان لەگەڵ چەند مامۆستایەكی دیكەی شاری هەولێر گردبوونەوەیەكمان بەناوی (دەستەیەك لە زانایانی شاری هەولێر‌و دەوروبەری) گردبوونەوەیەكمان لە بەردەم نووسینگەی هەولێری نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام دا، وەك پشتیوانی لە گەلی سوریا‌و بۆرما، هەروەها بێزاری و نارەزایی خۆشمان دەربڕی بەرامبەر بێهەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەمبەر ئەو ستەمەی لە گەلی سوریا دەكرێت، هەروەها ئەو پاكتاوی رەگەزییەی دەرهەقی موسڵمانانی بۆرما ئەنجام دەدرێت.

 شێخ نیاز زیاتر گووتی: دیارە پێشتر یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە یاداشتێك دەنگی ناڕەزایی خۆی گەیاندبووە نەتەوە یەكگرتووەكان بەرامبەر پاكتاوی رەگەزی دەرهەقی موسڵمانانی بۆرما، هەروەها لە هەفتەی یەكەمی شوڕشی سوریاش ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی زانایان لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی سوریا بە گشتی‌و كوردانی سوریا بەتایبەتی دەربڕی، بۆیە ئەم گردبوونەوەیە پشتیوانیەكی مامۆستایانیش بوو بۆ یاداشتەكەی یەكێتی زانایان.

 شێخ نیاز پێی وابوو، ئەوان پشتیوانی لە سەرجەم موسڵمانان دەكەن، چ لە بۆرما بێت یان لە سوریا، بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوای كوردستان، چونكە ئەوان خاڵێكی دیكەی هاوبەشمان هەیە، كە كوردبوونە.

 

 لە كۆتاییدا بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان سوپاسێكی گەرمی ئەو مامۆستا بەڕێزانەی كرد، كە بەشداری گردبوونەوەكەیان كرد‌و، ئەوانەش كە پێشنیازی بیرۆكەكەیان كردبوو، گووتیشی: مامۆستایانی ئایینی هەمیشە بە یەكدەنگی‌و یەكهەڵوێستی توانیویانە پەیامی گەورە‌و مەزنی خۆیان بگەیەنن.

 شایانی باسە لە گردبوونەوەكەدا مامۆستایان یاداشتێكیان دایە ئۆفیسی هەولێری نەتەوە یەكگرتووەكان، كە مامۆستا مەلا ئیدریس كەریم پێشنوێژ‌و وتارخوێنی مزگەوتی (رەحمە) لە هەولێر خوێندییەوە، ناوەِرۆكی یاداشتەكە وێڕای ئیدانەكردن، پشتیوانیكردن بوو لە موسڵمانانی سوریا‌و بۆرما، داوایان دەكرد، چیدیكە خوێن نەرژێت، ئەگینا هەم نەتەوە یەكگرتووەكان‌و هەمیش رێكخراوە نێودەوڵییەتیەكانی مافی مرۆڤ دەكەونە ژێر پرسیارەوە، هەروەك چەند بڕگەیەكی یاسا نێودەوڵەتییەكانیان خستبووە روو، كە ئەم كارانە تەجریم‌و تەحریم دەكەن.