لە دوزخورماتوو ماڵی مامۆستایەكی ئایینی دەتەقێندرێتەوە

لە درێژەی ئەو كارە تیرۆریستیانەی دەرهەقی هاوڵاتیان لە كەركوك‌و دەوروبەری ئەنجام دەدرێت، چەند كەسێكی نەناسراو بۆمبێك دەخەنە ناو ماڵی مامۆستایەكی ئایینی لە كەركوك بە ناوی (مامۆستا مەلا فوئاد جانگیر)، كە ئەندامی لێژنەی فەتوای كەركوك‌و بەرپرسی فەتوای دورخورماتووی یەكێتی زانایانە.

لەو بارەوە مامۆستا مەلا ئازاد كەركوكی بەرپرسی لقی كەركوكی یەكێتی زانایان بە سایتی زانایانی راگەیاند: بۆمبەكە، كە بە ماڵی مامۆستا تەقێندراوەتەوە، زیانی مادی زۆری پێگەیاندوونە‌و، دوو ئۆتۆمبێلی بە تەواوەتی سووتاندوونە‌و، هەروەها زیان بە ماڵەكەشی گەییشتووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ زیانی گیانی بە دواوە نەبووە.

دەربارەی دەرەنجامەكەشی مامۆستا مەلا ئازاد گووتی: تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆیان لە رووداوەكە دەرنەبڕیوە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانیش تا ئێستا روونكردنەوە‌و زانیاریان لەسەر ئەنجامدەرانی نەداوە، هیوادارین لێكۆڵینەوەكان بگەنە ئەنجام‌و، تاوانباران دەستنیشان بكرێن.