كونسولی ئەمەریكا سەردانی یەكێتی زانایان دەكات

دوای بڵاوبوونەوەی فیلمێك كە لە ئەمەریكا بەرهەمهێندراوە، نارەزاییەكی توندی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی لێكەوتەوە، كە دواجار لە چەند ولاتێكی ئیسلامی تووند‌و تیژیشی لێكەوتەوە، كە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیش بەیاننامەیەكی بەهەمان بۆنەوە دەركرد، ئەمڕۆ بەڕێز كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانی كرد، تا پەیامی خۆی بگەیەنێتە زانایانی ئایینی ئیسلامی‌و لە رێگەی ئەوانیشەوە بۆ تەواوی موسڵمانانی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ سەرۆكی زانایان‌و ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی، ئیدانەی ئەو سوكایەتییانە كرا، كە كەسانێكی نا مەسئول بەرامبەر پێغەمبەری ئیسلامییان ئەنجام داوە، كە ئەمە دەبێتە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر پێكەوەژیانی ئایینی لەسەرتاسەری جیهان، ئەمەش كارێكی نەخوازراوە بۆ راگرتنی سەقامگیری ئاشتی لە جیهاندا.

كونسولگەری ئەمەریكا رایگەیاند، كە حكومەت‌و گەلی ئەمەریكا لەگەڵ ئەم جۆرە كارانە دانینە‌و، ئەوە كارێكە لەسەر ئاستی تاك دایە‌و، ئەوان پشتگیری لە رۆحی پێكەوەژیان‌و رێزگرتن لە بەها پیرۆزەكان دەكەن، بۆیە ئیدانەی سوكایەتیكردن بە هەموو پیرۆزییەكان‌و بە پێغەمبەری ئیسلام دەكەن، گووتی: سەرۆك ئۆباما‌و كلینتۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گووتیان ئەم فیلمە بەڕاستی قێزەونە، هەروەك ئیدانەی ئەو تووند‌و تیژیانەشی كرد، كە لە چەند وڵاتێك بەرامبەر باڵیۆزخانەكانی ئەمەریكا كراوە، بەتایبەتی ئەوەی لە لیبیا روویدا‌و، باڵیۆزی ئەمەریكا‌و چەند كەسێكی دیكە تێیدا بوونە قوربانی.

لەلای خۆیەوە مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان تەئكیدی لەسەر ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی یەكێتی زانایان كردەوە، كە بە تووندی ئیدانەی ئەم كارە دەكەن‌و، داواش دەكەن تاوانباران بدرێنە دادگا‌و، چیدیكە لە پەنای ئازادی رادەربڕینەوە، زنجیرەیەك فیلم‌و كاریكاتێری سوكایەتی بەرامبەر ئیسلام‌و پێغەمبەری ئیسلام ئەنجام دراوە، ئەوەش كارێكە موسڵمانان ناتوانن لە بەرامبەری بێدەنگ بن، چونكە پێغەمبەر خۆشەویسترین كەسمانە، بۆیە ئێستا ئێمەی موسڵمانان بەڕاستی دڵمان بریندارە‌و بۆ ئێمە ئەم حاڵەتە وەكو پرسەیەكی گەورە وایە. هەروەك ئەم كارە بوختانێكی زەقیشە بەرامبەر پێغەمبەری ئیسلام، كە دارێژەری بناغەی پێكەوەژیان بوو، بۆیە ئەم كارەی ئەوانە ئەنجامیان داوە بە دەرە لە هەموو پێوەرێكی ئەخلاقی‌و پێویستە بدرێنە دادگاوە، لە هەمان كاتیشدا بە هیچ شێوەیەك نابێ‌ موسڵمانان لە كاتی پەرچەكرداردا كارێك بكەن، كە لە سنووری شەرع بچێتە دەر‌و كەسانی بێتاوان تێیدا بكرێنە قوربانی، یان هێڕش‌و دەستدرێژی سەر بارەگا دپلۆماسییەكان بكرێت.