بە سەرۆكایەتی سەرۆكی یەكێتی زانایان شاندێكی زانایانی ئایینی سەردانی بەغدا دەكات

بە مەبەستی هەوڵدان بۆ خستنە رووی هەڵوێستی زانایان‌و دیتنی رۆڵی ئیجابی زانایانی ئایینی لە چارەكردنی قەیرانەكانی عێراق، شاندێكی زانایانی ئایینی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقیان كرد.

سەرۆكی یەكێتی زانایانی لە لێداونێكی سایتی زانایاندا گووتی: دوای ئەوەی دیتمان بار‌و دۆخی عێراق بە قۆناغێكی ئاڵۆز تێدەپەڕێت‌و، خەریكە پەیوەندی ئایینی‌و مەزەبی بەرەو ئاقارێكی خراپ دەڕوات، بۆیە بە پێویستمان زانی سەردانی دام‌و دەزگا‌و مەرجەعە ئایینیەكانی شیعە‌و سووننە لە عێراق بكەین، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانین رۆڵێكی ئیجابی بنوێنین‌و، هەموو لایەك كار بكەین تا ئەو كێشە سیاسییانە نێنە سەر ئاستی مەزەبی‌و دینی، بەتایبەتی كە لەم دواییانە ئەم سیراعە باكگراوندێكی مەزەبی سیاسی بۆ دروست كرا.

سەرۆكی زانایان زیاتر گووتی: لەم چەند رۆژەدا سەردانی چەندین شوێنی گرنگی شیعە‌و سوننەمان كرد، (كە دوایی بە راپۆرتێك پێشكەشی خوێنەرانی دەكەین) لەم سەردانانەدا بە روونی بە هەموو لایەكمان گووتووە، كە پێویستە شوێن ئایینیەكان هەمیشە رۆڵی ئیسلاح‌و ئاشتی ببینن‌و، نابێت رێگە بدەن بە هیچ شێوەیەك كێشە سیاسییەكان بە ئایینی‌و مەزەبی بكرێن، چونكە رۆحی پێكەوە ژیان‌و خۆشەویستی لە عێراق دەكوژێت، بەتایبەتی گەلی كورد گەلێكی موسڵمانە‌و هەمیشە باوەشی بۆ برایەتی‌و خۆشەویستی لەگەڵ هاووڵاتیانی عەرەبی كردۆتەوە.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵی بوو لە سەرجەم ئەم شوێنانە پێشوازییەكی ئیجابی باشمان لێكراو، كۆمەڵێك رێگەی باش گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی مەرجەم‌و شوێنە ئایینیەكان رۆڵی ئاشتیانە ببینن.