سەرۆكی یەكێتی زانایان: پشتیوانی لە پڕۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینیەكان دەكەین

لە میانەی لێدوانێكیدا بۆ سایتی زانایان مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان گووتی: قەت حەزمان نەدەكرد لە كۆمەلگەی ئێمە پێویست بە دەركردنی یاسایەك بكرێت بۆ ئەوەی رێگیری بكرێت لە سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان، بەڵام بە داخەوە چەندین جار خەڵكانێكی دوور لە مەسئولیەت ئەم كارەیان كرد، ئەوەش هەموو لایەك دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی رێزگرتن لە هەست‌و سۆزی موسڵمانان، بەتایبەتی كە بە قسە‌و رێنماییكردن ئەو كەسانە واز لەم كارانە ناهێنن، بۆیە وێڕای پشتگیریمان بۆ ئازادی رادەبڕینن لە هەمان كاتیشدا بەوپەڕی توانامانەوە پشتیوانی لە دەركردنی یاسایەك دەكەین، كە رێگیری لەوانە بكات، كە ئازادای رادەربڕین ئیستیغلال دەكەن بۆ سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان.

بۆیە ئێمە وەك پێشتر چەندین جار داوامان كردووە، ئێستاش پشتیوانی لە دەركردنی یاسایەك دەكەین بۆ پاراستنی پیرۆزیە ئایینەكان، جا ئەوەی ئێستا لە پەرلەمان پێشكەش كراوە دەكرێ‌ بە بناغەی كارەكە دابنێین‌و، هەموومان را‌و سەرنجمان لەو بارەوە دەرببڕین، تا لەوێوە شتێك پێشكەش بكرێت نەبێتە رێگیری ئازادی رادەربڕین، وە لە هەمان كاتیشدا رێگە لەوانە بگرێت، كە سوكایەتی بە ئایین دەكەن.