روونكردنەوەیەك لە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەربارەی پڕۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییەكان

دوای ئەوەی پرِۆژە یاسای پیرۆزییە ئایینیەكان خوێندنەوەی یەكەمی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ كرا، قسە‌و باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت‌و، بەشێكیان رەتی دەكەنەوە‌و، بەشێكیش بە پێویستی دەزانن.

ئێمە لە یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان دوای دیراسە‌و خوێندنەوەی دەقی پڕۆژەكە، پێمان وایە دەرچوونی یاسایەك، كە رێگیری بكات لەوەی كەسانی نابەرپرس ئیستیغلالی ئازادی نەكەن بۆ سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان‌و، برینداركردنی هەستی دیندارانەی خەڵك، بەتایبەتی كە ئەزموونی رابردوو سەلماندی كەسانێك هەن، لە نێو نووسەر‌و رۆژنامەنووسان دوور لە خوێندنەوەی زانستی، سوكایەتی بە پیرۆزییەكان دەكەن، كە یاسای رۆژنامەگەری لەو ئاستە نییە رێگیری لەم جۆرە كارانە بكات، بۆیە هەر زوو یەكێتی زانایان داوای یاسایەكی تایبەتیمان كردووە، كە بتوانێت رێگر بێت، بەتایبەتی یاسای سزاكانی عێراقی جێگەی ئەوە ناگرێتەوە، چونكە نووسین یاسایەكی تایبەت بە خۆی هەیە.

لە هەمان كاتدا پێمان وایە ئەم پرِۆژە یاسایەی ئێستا بە ناوی (پاراستنی پیرۆزییە ئایینیەكان) پێشكەش كراوە، پێویستی بە خزمەتكردنی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆژەیەكی سەركەوتوو، چونكە بەم شێوازەی ئێستا پەلە پەلێكی پێوە دیارە، بۆیە دەكرێ‌ ئەم پڕۆژە یاسایە دەوڵەمەند بكرێت‌و، زانایانی ئاینی‌و رۆشنبیران‌و نووسەرانیش بگەنە ئەو قەناعەتە، كە كە ئەم پرَۆژەیە بە هیچ شێوەیەك بەستنەوەی قەڵەم‌و بێدەنگكردنی وتاربێژان‌و مامۆستایانی ئایینی نییە، بە پێچەوانەوە، كاركردنە بۆ بەپیرۆزهێشتنەوەی ئازادی‌و نووسین‌و گووتنی بەرپرسیارانە‌و، رێگرتنە لەوانەی نرخی ئازادی نازانن.

ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە هەندێك روونكردنەوە‌و زیادە‌و كەمكردن هەیە، بۆ نموونە بڕگەی (7)ی مادەی دووەم، (دروشمە ئایینەكان)ی هەندێك بە شاراوەیی هێشتۆتەوە، لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین لە رێگەی وەرگرتنی زانیاری‌و بەدواداچوون لە لق‌و ناوچەكانی زانایان روونكردنەوەی زیاتر بدەین.

بەو ئومێدەی هەموومان بە یەكەوە بتوانین ئەم وڵاتە بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر ببەین‌و، هەمیشە گیانی رێز‌و یەكتر قبوڵكردنمان قوڵتر بكەینەوە.

 

15/10/2012