یەكێتی زانایان لەگەڵ لێژنەی ئەوقاف‌و كۆڕبەندی هزری ئیسلامی كۆدەبێتەوە

بەمەبەستی لە یەكەوە ئاگادربوون‌و، راگۆڕینەوە لەسەر پڕۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییەكان، دوێنێ‌ ئێوارە لە مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ لێژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی كوردستان‌و كۆڕبەندی هزری ئیسلامی بەستی.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرەتا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد‌و، پاشان هەموو لایەك رای خۆیان سەبارەت بە پڕۆژەكە‌و كاردانەوەكانی دەربڕی‌و، هەر سێك لا كۆكبوون لەسەر ئەوەی ئەم پڕۆژەیە، كە بیرۆكەكەی پێشتر لە كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لێژنەی ئەوقافی پەرلەمان‌و یەكێتی زانایان‌و وەزارەتی‌و ئەوقاف‌و لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسان داندرا بوو، پاشان لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش كرا، شتێكی پێویستە، بەڵام هەر یەكە‌و بەتایبەتی یەكێتی زانایان چەند تێبینی‌و سەرنجی هەبوون.

پاشان روونكردنەوەی زیاتری لەسەر درا‌و، بڕیار درا لە داهاتوودا هەوڵبدرێت بەشێوەیەكی وردتر قسەی لێوە بكرێت‌و، بۆ هەموو لایەكی روون بكەنەوە، كە ئەم پڕۆژەیە بۆ خزمەتی كۆمەڵگەیە‌و، لە خزمەتی هەموو دینەكانە‌و،بەهیچ شێوەیەكیش رێگر نییە لە ئازادی.

جێی باسە لە لێژنەی ئەوقاف هەر یەك لە دكتۆر بەشیر‌و كاك یەشار‌و سەمیرەخان‌و گولیزار خان، لە كۆڕبەندی هزری ئیسلامیش دكتۆر محەمەد شەریف سەرۆكی كۆڕبەند‌و، لە یەكێتی زانایانیش وێڕای سەرۆكی یەكێتی زانایان هەر یەك دكتۆر ئەحمەد شافیعی‌و مەلا جەعفەر گوانی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی ئامادەی دانیشتنەكە بوون.