مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی یەكێتی زانایان دەكات

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە (23/10/2012) شاندێكی مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد.

لە سەرەتادا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد‌و، تەئكیدی لەسەر برایەتی‌و تەبایی كردەوە، چونكە هەمیشە بە برایەتی‌و تەبایی‌و هەماهەنگی دەتوانین كاری باشتر بكەین‌و، جوانتر خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و كۆمەڵگەكەمان بكەین.

بەتایبەتی ئێمە هەمیشە یەكێتی زانایان بە ماڵی تەواوی مامۆستایانی ئایینی دەزانین‌و، لەگەڵ غەم‌و ژانی گەلەكەمان داینە‌و، هەمیشە پشتیوانی مامۆستایانی ئایینی دەبین.

مامۆستا مەروان گەڵاڵی بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی سوپاس‌و پێزانینی خۆی دەڕبڕی بۆ ئەم پێشوازییە گەرمە‌و، تەئكیدی لەسەر قسەكانی سەرۆكی یەكێتی زانایان كردەوە، بەوەی پێویستە هەمیشە بە گیانی برایانەوە بە یەكەوە كار بكەن‌و، هەمیشە چاكترین هەماهەنگی‌و تەبایی هەبێت.

شایانی باسە شاندی مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی پێكهاتبوو لە بەڕێزان: (حاجی هێمن، ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكان‌و، كاك موحسین دەشتی‌و كاك اسماعیل رەسول‌و دكتۆر سوهێل كارگێڕانی مەڵبەند).

لە یەكێتی زانایانیش هەر یەك لە مەلا جەلا خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و شێخ عبد الباسیت بالیسانی‌و مەلا جەعفەر گوانی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی‌و شێخ غازی بەرپرسی لقی شارەزووری زانایان‌و مامۆستا مەلا كەمال كارگێڕی لقی شارەزووری زانایان ئامادەبوون.