لە قاهیرە شیخی ئه‌زهه‌ر سه‌ردانی زانایانی به‌شداربووی خولی رۆشنبیری كرد

بە مەبەستی بەدواداچوونی خولەكە‌و، دانیشتن لەگەڵیان ئەمڕۆ ئیمامی ئەكبەر دكتۆر ئەحمەد تەیب سەردانی خولی ئەزهەری مامۆستایانی ئایینی هەرێمی كوردستانی كرد‌و، لە دیدارێكدا وێڕای دەستخۆشی‌و سوپاسكردن‌و، دەربڕینی خۆشەویستی‌و پێزانینی خۆی، داوای لێكردن بە وردی باسی خولەكە بكەن، بۆ ئەوەی كەم‌و كوڕییەكان بزانێت لێیەوە هەوڵ بدات باشترین خزمەت‌و شێواز‌و بابەتی گرنگ پێشكەش بكەن.

هەر ئەمڕۆ لە خولەكەدا چەندین بابەتی گرنگ لە بواری چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مزگەوت‌و فیقهی هاوچەرخ‌و چۆنیەتی نوێسازی لە ئیسلامدا خرانە روو‌و، مامۆستایان وێڕای دڵخۆشبوونیان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی، كە زۆر لێی سوودمەندبوونە.

شایانی باسە ئەمە سێیەمین خولی مامۆستایانی ئایینی هەرێمی كوردستان لە ئەزهەر بە هەماهەنگی نێوان یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و ئەزهەری شەریف ساز دەكرێت‌و، شێخی ئەزهەر راستەوخۆ چاودێری بابەتەكان‌و چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی دەكات‌و، ماوەی مانگێك دەخایەنێت‌و، 30 مامۆستای ئایینی لە هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كردووە.