رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی زانایان ده‌كه‌ن

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ (12/8/2010) چه‌ند رێكخراوێكی ئافره‌تان سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی زانایانیان كرد.

11 رێكخراوی ئافره‌تان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستخۆشانه‌كردن له‌ مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان له‌ هه‌مبه‌ر كاروچالاكیه‌كانیان به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی ئافره‌تان، سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد.

ئامانجی رێكخراوه‌كان له‌و سه‌ردانه‌ ده‌ستخۆشانه‌ بوو له‌ ده‌ركردنی فه‌توایه‌كی تایبه‌ت به‌ (خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌)، كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ هه‌نگاوێكی مه‌زن دانا‌و، هیوایان خواست دواتر بتوانن كاری پتر‌و هه‌میشه‌ وا باش بۆ خزمه‌تكردنی كێشه‌كانی ئافره‌تان بكه‌ن.

مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لاسه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان وێڕای به‌خێرهێنان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری یه‌كێتی زانایان كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی ئافره‌تان، له‌ وته‌یه‌كیدا گووتی: ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له‌ كێشه‌كانی ئافره‌تان ده‌كه‌ین‌و، هه‌موو هاوكاری‌و هه‌ماهه‌نگیه‌كیش ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو لایه‌كمان بتوانین ئاستی ژیان‌و رۆشنبیری ئافره‌تانی كوردستان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین، چونكه‌ ئیسلام فێری كردووین، كه‌ هه‌میشه‌ به‌ رێز‌و گه‌وره‌‌وه‌ سه‌یری ئافره‌تان بكه‌ین‌و، هیچ كاتێك به‌ چاوێكی كه‌مه‌وه‌ سه‌یری ئافره‌تان نه‌كه‌ین، پیاو له‌ هیچ قۆناغێكی ژیان به‌بێ‌ ئافره‌تان سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌ی بۆ ده‌بێ‌ ماف‌و حقوقیشی پێ نه‌درێت.

دواتر هه‌ردوولا بڕیاریاندا له‌ داهاتوودا بتوانن پێكه‌وه‌ ژه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن‌و، بیخه‌نه‌ مه‌یدانی كاره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو رێگا دروسته‌كان كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.

شیاوی گووتنه‌ رێخراوه‌كان پێكهاتبوون له‌:

رێكخراوی تواناسازی ئافره‌ت.

كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی كوردستان

یه‌كگرتووی خوشكانی ئیسلامی

یه‌كێتی ئافره‌تانی دیموكراتی

یه‌كێتی ئافره‌تانی ئاشووری

رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی

رێكخراوی هێلان

كۆمه‌ڵه‌ی هیوا

یه‌كێتی ئافره‌تانی گه‌لی توركمان

یه‌كێتی ئافره‌تانی میللی

سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی رۆشنبیری ژنان


دواتر به‌ ئیمزای سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ به‌شداربووه‌كان نووسراوێكی ده‌ستخۆشانه‌ی تایبه‌ت به‌ فه‌توای خه‌ته‌نه‌یان ئاراسته‌ی یه‌كێتی زانایان كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:



بۆ یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان/مه‌كته‌بی ته‌نفیزی ب/سوپاس‌و پێزانین دوای ڕێزو سڵاو... (به‌ناوی گشت رێكخراوانی ژنان‌و ئافره‌تان كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ ناویان كراوه‌) سوپاس‌و پێزانینی خۆمان ئاراسته‌ی به‌ ڕێزتان ده‌كه‌ین ده‌رباره‌ی ئه‌و فه‌توایه‌ی سه‌باره‌ت به‌ خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بڕیاری له‌ سه‌ر درا كه‌ ده‌قه‌كه‌ی: (وه‌لی كچه‌كه‌ ئازاده‌ له‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌ی بۆ بكات یان نه‌یكات، هه‌ر كاتێكیش له‌ لایه‌ن ته‌ندروستیه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، كه‌ خه‌ته‌نه‌ كردن زوو یان دره‌نگ زیان به‌ ئافره‌ت ده‌گه‌یه‌نێ‌، نه‌كرێت باشتره‌، ئه‌وه‌ش به‌ پشت به‌ستن بو بنه‌ماو قاعیده‌یه‌ی ده‌كات: (لاضرر ولا ضرار) (نابێ‌ زیان به‌ خۆت‌و غه‌یرت بگه‌یه‌نی) بڕوامان وایه‌ كه‌ ئه‌م فه‌توایه‌ شۆڕشێكی مه‌زنه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گشت ئه‌و بیرو بۆچونانه‌ی كه‌ دوورن له‌ ڕاستی ئاینی ئیسلامی پیرۆز وه‌ دڵنیاین كه‌ كاریگه‌ریێكی ئه‌وتۆی ده‌بێت له‌سه‌ر بیروڕای مامۆستایانی ئایینی‌و كۆمه‌ڵگا. هیوادارین نوكی خامه‌كانتان هه‌میشه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلامی بێت وه‌ كاره‌كانتان ئازایانه‌و بوێرانه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت له‌ هه‌موو بوارێك كه‌ سه‌ركه‌وتن بۆ ئایین‌و پارێزی مافی مرۆڤ ده‌هینێت. له‌گه‌ڵا ڕێزماندا... رێكخراوی تواناسازی ئافره‌ت.

كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی كوردستان

یه‌كگرتووی خوشكانی ئیسلامی

یه‌كێتی ئافره‌تانی دیموكراتی

یه‌كێتی ئافره‌تانی ئاشووری

رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی

رێكخراوی هێلان

كۆمه‌ڵه‌ی هیوا

یه‌كێتی ئافره‌تانی گه‌لی توركمان

یه‌كێتی ئافره‌تانی میللی

سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی رۆشنبیری ژنان