بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانایان مزگەوتی گەورەی گرتك كرایەوە

راگەیاندنی لقی سۆران

لەرێورەسمێكی جەماوەریدا‌و بە ئامادەبوونی سەرۆكی یەكێتی زانایان، بەرێز مامۆستا مەلا عەبدولڵا مەلا سەعید و، عبدالواحید گوانی قایمقامی قەزای چۆمان و، مەلا خالد مەلەكی بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی زانایان و، مەلاوەیسی مەلاسەعید بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران و، ژمارەیەكی بەرچاوی مامۆستایانی ئاینی وكارگێرو ئەندامان و بەرپرسانی ناوچەكانی سۆران ودیاناو چۆمانی یەكێتی زانایان و، دام ودەزگاكانی سنورەكە، مزگەوتی گەورەی گوندی گرتك لەناحیەی سمیلان كرایەوە.

ئەمەو لە رێورەسمەكەدا سەرۆكی زانایان وتارێكی پێشكەشكردو، تیایدا رۆلی مزگەوتی لەمەڕ خزمەتكردنی كۆمەلگەی كوردی خستە بەرچاوو، روونی كردەوە كە مزگەوت هەمیشە شوێنی پێگەیاندنی كەسانی دیندارو كوردپەروەرو رۆشنبیرو كەسایەتی گەورەبوە، دواترئاماژەی بە رۆلی گوندی گرتكدا كە لەمێژووی خۆیدا پۆلێك زاناو ئەدیب‌و كەسایەتی نەتەوەیی بۆ خزمەتی ئاین و نیشتمان پێگەیاندوە، كە هەر لە دێر زەمانەوە مەلبەندی مەعریفەو پێگەیاندنی فەقێو مامۆستای ئاینی بوە.

لە دوای وتاری بەرێزیشیان چەندین وتاری تر پێشكەشكران كەهەریەكەیان گوزارشت بوو لەگەورەی مزگەوت وهەروەها رۆلی ناوچەكە لە خزمەتكردنی بواری ئاینی ونەتەوەیی.