یەكێتی زانایان‌و دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە گفتوگۆیەكی كراوە لەسەر ژینگە ساز دەكەن

بەمەبەستی قسەكردن لە سەر ژینگە‌و رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە هۆشیار كردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە پرسی ژینگەپارێزی، شاندێكی باڵای مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان كە پێكهاتبوو لە سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و جێگرو ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی، لەسەر داوای دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە بەژداریان لە گفتوگۆیەكی كراوە سەبارەت بەو پرسە لە شاری هەولێر كرد.

سەرەتای دانیشتنەكە بەڕێز كاك عەبدولسەمەد بەرپرسی دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە وێڕای خۆشحاڵی بە ئامادە بوونی یەكێتی زانایان لە دانیشتنەكە، تیشكی خستە سەر رۆڵی مامۆستیانی ئایینی لە هۆشیار كردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە پرسی ژینگە‌و چۆنیەتی پاراستنی، هەروەها رۆڵی یەكێتی زانایانی بەرز نرخاندو هیوای خواست پێكەوە بتوانن هاوكار بن لەسەر ئەو پرسە‌و دۆزینەوەی ئالیەتی كر لەو ناوەدا.

دواتر سەرۆكی یەكێتی زانایان بەڕێز مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر گرنگی ژینگە‌و پاراستنی ژینگەی كوردستان، كە وەك ئەركێكی ئایینی‌و نەتەوەیی هەر تاكێك وەسفی كردو هەماهەنگی‌و هاوكاری‌و پشتیوانی زانایانیشی بۆ هەر هەنگاوێك لەو بوارەدا دەربڕی.

سەرۆكی یەكێتی زانایان تەئكیدیشی لەوە كردەوە، كە زانایانی ئایینی بەردەوام هۆشیاریان بڵاوكردۆتەوە لەسەر ژینگە‌و ئەركی هاوڵاتیان، بەڵا بە پێویستیشی زانی بەهاوكاری لایەنە پەیوەندارەكان كۆنفرانسێكی گشتی سەبارەت بە ژینگەپارێزی لە كردستان ببەسترێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك پێ:ەوە كار لەسەر ئەو پرسە بكەن‌و میكانیزمی عەمەلی بدۆزرێتەوە

دواتر لە لایەن جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی قسە‌و باس‌و شیكاری پێویست لەبارەی پرسی ژینگە خرایە‌و روو.

هەر لەو گفتوگۆیە كراوەدا ئامادەبووان سەرنج‌و تێبینیەكانیان خستە روو، دانیشتنەكە بە كۆمەڵێك رێنمایی‌و راسپاردە كۆتایی هات.