سەرۆكی یەكێتی زانایان پێشوازی لە كونسولی توركیا كرد

ئەمڕۆ سێشەمە (13/11/2012) بەڕێز ئایدن سارجن سەركونسولی توركیا‌و، ئیبراهیم یوكسلتان جێگری كونسول‌و شاندێكی یاوەریان سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد‌و، لەلایەن مامۆستا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی زانایان‌و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.

ئەمە‌و بەڕێز سەرقونصولی توركیا جەختی لەسەر هەماهەنگی‌و تووند‌و تۆڵكردنی پەیوەندییەكان كردەوە لە نێوان خۆیان‌و یەكێتی زانایان‌و هەرێمی كوردستان‌و گووتی: دۆستایەتی توركیا‌و كوردستان لە مێژیینەیە‌و، هەروەها لەلایەن سەرقونصولەوە پەیامی جەژنە پیرۆزەی بەڕێز (محمد گۆرماز) وەزیری ئەوقافی توركیاوە بەبەڕێز سەرۆكی یەكێتی زانایان گەیێندرا، كە چەند جارێكە بەڕێزیان پەیامی پیرۆزكردنی جەژن بە یەكێتی زانایان دەگەیەنێت.

هەروەها سەرۆكی یەكێتی زانایان باسی لەوە كرد، كە ئێمە وەك گەلی كورد‌و گەلی تورك لە زۆر شتدا هاوبەشین، بەتایبەتی كە لە كاتی كۆچڕەوە مەزنەكە دەرگایان بە روودا كردینەوە، هەروها باسی لەوەش كرد، كە چەند شاندێكی مامۆستایانی ئایینی بۆ چەند جارێك سەردانی توركیایان كردووە‌و، خۆشحاڵیش دەبین ئەگەر بەڕێز (محمد گۆرماز) وەك كەسایەتییەكی ئایینی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

شایانی باسە هەر یەك لە مامۆستا مەلا نەجمەدین وادی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان‌و مامۆستا مەلا دڵشاد گەڵاڵی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی زانایان لە دانیشتنەكە ئامادەبوون.