هەولێر... بە شكۆدارییەوە یادی هیجرەت دەكرێتەوە

لە مەرسیمێكی شكۆداردا سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەمە 15/11/2012 لە هۆڵی بۆنەكانی مزگەوتی سەواف یادی سەری ساڵی كۆچی‌و یادی كۆچی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت كرایەوە.

مەراسیمەكە كە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر‌و لقی هەولێری یەكێتی زانایان ئەنجام درا بوو، تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی‌و هاووڵاتیان‌و وەزیران‌و ئەندامانی پەرلەمان‌و بەرپرسانی حزبی‌و حكومی‌و كەناڵەكانی راگەیاندن ئەنجام درا.

سەرەتا مەرسیمەكە بە چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد‌و، پاشان شێخ نیاز راغب بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان وتاری یەخێرهاتنی پێشكەش كرد‌و، تێیدا بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر‌و لقی هەولێری یەكێتی زانایان بەخێرهێنانی میوانەكانی كرد‌و، تەئكیدی لەسەر ئامانجەكانی هیجرەت كردەوە.

دواتر بەڕێز كامیلی حاجی عەلی وەزیری ئەوقافی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد، دواتریش مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان وتارێكی پێشكەش كرد، هەردوو وتارەكە تەئكیدیان لە ئامانجەكانی هیجرەت‌و پاراستنی گیانی برایەتی‌و تەبایی‌و یەك ریزی كردەوە، بەتایبەتی كە ئێستا دەبینین بە ئاشكرا هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، نەخاسمە دوای دروستبوونی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لە كەركوك.

لەم بارەوە سەرۆكی یەكێتی زانایان گووتی: پێویستە موسڵمانان لە یادی هیجرەتدا پارێزگاری لە ئامانجەكانی هیجرەت بكەنەوە، لە دووركەوتنەوە لە گوناه‌و نزیكبوونەوە لە ئەمر‌و فەرمانەكانی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، هەروەها پێویستی دەست بە گیانی تەبایی‌و برایەتی‌و خۆشەویستییەوە بگرین، بەتایبەتی لایەنە سیاسییەكان پێویستە، كە ئێستا‌و دوای دروستبوونی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە هەموو ناكۆكییە ناوەكییەكان وەلاوە بنێن‌و، كار بكەن بۆ یەك ریزی‌و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان، دەبێ‌ هاووڵاتیانیش بە رۆحێكی دڵسۆزانە لە بەردەم مەترسییەكانەوە پشتیوانی لایەنە سیاسییەكان بكەن.

دواتر مەراسیمەكە بە چەند سروود‌و تەواشیحێكی ئایینی كۆتایی پێ هات.