ئەمڕۆ ئێوارە مامۆستا مەلا حەمەدەمین رواندزی ئەندامی لێژنەی باڵای فەتوای كوردستان كۆچی دوایی كرد. دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێكە مامۆستا تووشی نەخۆشی ببوو، ئەمڕۆ ئێوارە كۆچی دوایی كرد، مامۆستا ماوەی زیاتر لە دە ساڵ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی (ئەنجومەنی ناوەندی) یەكێتی زانایان بوو، هەروەها بۆ ماوەی دە ساڵە ئەندامی لێژنەی باڵای فەتوای كوردستانەو، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی (حاجی یەحیا) بوو لە هەولێرو، كەسایەتییەكی دیاری سنووری هەولێر بوو، هەروەها لە رووی زانستی ئیسلامیو فیقهی ئیسلامییەوە كەسێكی بە تواناو لێهاتوو بوو، بە درێژایی تەمەنی خۆشی هەر خەریكی دەرس گووتنەوە پێگەیاندنی قوتابیانی شەرعیو فەقێیانی مزگەوت بوو، بە سەدان كەس لەسەر دەستی ئەو مامۆستا بەڕێزە فێری زانستی شەرعی بوونەو، لە خزمەتی ئەویان خوێندووەو، بە دەیان كەسیش لەسەر دەستی ئەو، خوێندنی شەرعییان تەواو كردووەو، ئیجازەی مەلایەتییان وەرگرتووە. هەروەها خاوەنی چەند كتێبو نووسراوێكەو، لە رووی ئەدەبیشەوە چەندین شیعرو هۆنراوەی ئایینیو نەتەوەییو كۆمەلایەتی هەیە. شایانی باسە لە میانی شووشتنو ناشتنو بە خاكسپاردنی مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بە یاوەری شێخ نیاز راغب بەرپرسی لقی هەولێرو ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی یاوەری تەواوی رێورەسمەكان بوو. لە وتەیەكیدا لە كاتی ناشتنی تەرمی مامۆستا، بەڕێز سەرۆكی یەكێتی زانایان باسی لە رۆَلو خەباتی مامۆستای كۆچكردوو كردو، تیشكی خستە سەر قۆناغە گرنگەكانی ژیانی مامۆستا، كە هەموومان شانازی پێوە دەكەینو، ئێستاش وەفاتەكەی بۆ ئێمە كەلێنێكی گەورە دروست دەكات. خوای گەورە بیبوورێتو، غەرقی رەحمەتی خۆی بكاتو، سەبووری خانەوادەكەشی بدات. |