نامەیەكی كراوە لە یەكێتی زانایانه وه بۆسەرجەم لایەنە سیاسی‌و ئایینیەكانی عێراق

ئەمڕۆ دوو شەمە 26/11/2012 ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی زانایان كۆبوونەوەكی لە بارەگای مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر كۆمەڵێك بابەت بەتایبەتی مەسەلەی هاتنی هێزەكانی عێراقی بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان، كە ئەمەش دۆخی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەمنی عێراقی تێكداوە، بۆیە ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی زانایان لە كۆبوونەوەكەدا نامەیەكی كراوەیان ئاراستەی هێزە سیاسی‌و مەرجەع‌و ناوەند‌و دەستە ئایینیەكانى عێراق كرد، ئەمەی خوارەوە دەقی نامەكەیە: 

 

نامەیەكی كراوە لە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانەوە

بۆسەرجەم لایەنە سیاسی‌و ئایینیەكانی عێراق

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان

(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا ادْخُلُوا فِي السِّلْمِ كَافَّةً وَلَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُبِين)

لە ئەنجامی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی ئایینی‌و نیشتیمانی بەرامبەر گەل‌و وڵاتمان‌و، هاوكات لەگەلّ ئەو دۆخە قورس‌و رێڕەوە مەترسیدارەی وڵاتمان پێیدا تێپەڕ دەبێت، كە هەڕەشەیە لەسەر تێكچوونی رێكخستەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەمنی لە عێراقدا، نامەیەكی كراوە ئاراستەی هەموو سیاسەتمەدار‌و مەرجەع‌و ناوەندە ئایینییە بەڕێزەكانی عێراق دەكەین، بە هەمووانیشی رادەگەیەنین كە لۆژیكی هێز‌و خۆبەزلزانین‌و، بەكارهێنانی لەشكری عێراقی لە ململانێ ناوخۆییەكان‌و، دروستكردنی هێزی نادەستووری، كە ترس بخاتە ناو شارە ئارامەكان، كارێكە بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییە، لەلای خۆمانەوە بەناوی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان، بە تووندی ئیدانەی دروستكردنی ئەو هێزە دەكەین، كە بەناوی (ئۆپەراسیۆنی دیجلە) ناوبراوە لەو ناوچانەی بە (ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان) ناودەبرێن، هۆشداریش دەدەینە هەموو لایەك لە لە دەرەنجام ئەو جۆرە سیاسەتانە، كه بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە عێراق ناكات، چونكە ئەو گەلە بە هەزاران كەسی لە رۆڵەكانی‌و سامان‌و ساڵانی پێشكەوتنی كردۆتە قوربانی بۆ لابردنی دیكتاتۆریەت‌و، وەلاوەنانی ستەم‌و چەسپاندنی دادپەروەری‌و عەدالەت‌و، تا بتوانن ژیانێكی ئاسوودە‌و ئازادی بێننە دی‌و وڵاتێكی پێشكەوتوو دروست بكەن.

 

بەڵام بەداخەوە دیارە كەسانێك لە عێراق هەن، دوور لە هەستی ئایینی‌و نیشتیمانی‌و مرۆیی‌و، لە ئەنجامی حەزكردنیان بە دەسەڵاتی تاكڕەوی‌و، پەراوێزخستنی لایەنەكانی دیكە، ئاگری فیتنە هەڵدەگیرسێنن‌و، دۆخ‌و رەوشەكان لە عێراق بە گشتی‌و ناوچە فرە نەتەوە‌و تائیفیەكان بەتایبەتی بەرەو دژوارتری دەبەن.

 

بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەك بەتایبەتیش مەرجەعە ئایینی‌و مەزەبیەكان دەكەین پەردەكانی بێدەنگی بشكێنن‌و، هەڵوێستی مێژووییان دەربخەن، تا رێگیری بكەن لەو كارانە بكەن‌و، بەڕاستی بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور‌و رێكەوتننامەكان بە گشتی‌و رێكەوتنامەی هەولێر بەتایبەتی، هەموو لایەكیش دەزانێت، كە لە كات‌و ساتە ناخۆشەكان كورد لەم ناوچانەدا رۆڵێكی مەزنیان نواندووە لە چەسپاندنی ئاشتی‌و سەقامگیری، بێگومان نواندنی هەڵوێستێكی وها، بەتایبەتی لەلایەن ناوەند‌و مەرجەعە ئایینیەكانەوە، هەڵوێستێكی مێژوویی گەورەیە بەرامبەر گەل‌و وڵاتمانەوە، نەخاسمە ئەگەر كورد ناچاری هەر حاڵەتێكی ستەملێكردن‌و، چەوساندنەوە‌و، بێبەشكردن لە مافە شەرعی‌و مێژووییەكانی بیێتەوە، بێگومان بەرەنگاربوونەوەی ستەمی ستەمكاران‌و، پارێزگاریكردن لە مافەكانی، هەقێكی شەرعییانە لە دژی ستەم‌و ستەمكاری.

(والفتنة نائمة لعن الله من أیقظها)

 

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

26/11/2012